زانکۆی سەڵاحەددین: سەرجەم تاقیکردنەوەکان دواخران

زانکۆی سەڵاحەددین رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین سەرجەم تاقیکردنەوەکان دواخران و هەموو ئەو وانانەی تیۆرین بە ئۆنلاین و ئەلکترۆنی دەخوێندرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، سامان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین سەرجەم تاقیکردنەوەکان دواخران و هەموو ئەو وانانەی تیۆرین بە ئۆنلاین و ئەلکترۆنی دەخوێندرێن.

هەروەها رایگەیاندووە، سەبارەت بە وانەی پڕاکتیکی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان و تاوتوێی توێژینەوەی قوتابییانی قۆناغی چوار دوای دوو هەفتەی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆدەبێتەوە بڕیاری پێویست دەدات.

باسی لەوەش کرد، ئێستا سەرجەم وانەکان بە ئەلیکترۆنی و ئۆنڵاین دەخوێندرێن.

هەروەها ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، کە لەبەر رۆشنایی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە لەم قۆناغەدا پرۆسەی خوێندن بە شێوازی ئامادەبوونی فیزیکی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا رابگیرێت.

بەپێی بڕیارەکە، خوێندن بۆ هەموو قۆناغەکان تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام دەبێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە کوردستان24ی راگەیاند، کە ماوەی پەیڕەوکردنی ئەم شێوازە لە خوێندن نادیارە، بەڵام هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا هەفتانە کۆدەبنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و بڕیاردان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو.

لە بڕیارەکەدا تەنیا یەک جۆر جیاکاری کراوە، ئەویش وانە پراکتیکییەکانە لە زانکۆکان، کە بڕیارە بە شێوازی ئامادەبوون لە ناو کەمپەسەکاندا بخوێندرێن بۆ ئەوەی زیان بە لایەنی زانستیی قوتابیان نەگات.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هەردوو وەزارەتەکە ڕاسپێردراون دەستبەجێ رێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە نوێیە، تاوەکوو هیچ پچڕانێک لە پڕۆسەی پەروەردە و فێربووندا دروست نەبێت.

ئەم هەنگاوەی حکوومەت دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی پەرەسەندنە ئەمنییەکانەوە، چەندین جار پشووی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن راگەیەندراوە.