زاخۆ دوای 4660 رۆژ دێربی بادینانی لە دهۆک بردەوە
یانەکانی دهۆک و زاخۆ لە گەڕی 25 خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری لە هەولێری پایتەخت رووبەڕووی یەکتری بوونەوە، لە کۆتاییدا زاخۆ توانی یارییەکە بە ئەنجامی 1-0 بباتەوە.
هەردوو یانەکەی بادینان بۆ دووەمجار لەم وەرزە، لە یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری و بەبێ ئامادەبوونی هاندەران رووبەڕووی یەکتری بوونەوە، ئەنجامدانی یارییەکە لە شاری هەولێر بەبێ هاندەر لەسەر رێکەوتنی نێوان کارگێڕی هەردوولا بووە.
نیوەی یەکەمی یارییەکە یاریزانانی دهۆک باڵادەستر بوون و چەندجارێک دەرفەتی گۆڵ کردنیان هەبوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و لە کۆتاییدا 45 خولەکی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
نیوەی دووەم ئەمجارەیان یاریزانانی یانەی زاخۆ باشتر دەرکەوتن و ئەوانیش چەندجارێک خۆیان لە گۆڵی رکابەرەکەیان نزیک کردەوە. لە خولەکی 65 ناوبژیوان دوای گەڕانەوە بۆ ڤار، لێدانێکی سزای بۆ زاخۆ هەژمار کرد و ئەمجەد عەتوان توانی تاکە گۆڵی یارییەکە، لە بەرژەوەندی یانەی زاخۆ بکات و سێ خاڵی یارییەکەشی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا.
زاخۆ لەوەتەی ساڵی 2013 نەیتوانی بوو دێربی بادینان لە دهۆک بباتەوە، دوای نزیکەی 4660 رۆژ بۆ جاری یەکەم توانی دێربیەکە بباتەوە. یانەکەی دەلال بەم بردنەوەیە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 43 خاڵ و دهۆک ئەویش بە 34 خاڵ مایەوە.