ناتانیاهۆ: رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران شەڕی ئێمە دژی حزبوڵڵا راناگرێت

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هەر رێککەوتنێکی ئەگەری لە نێوان ئەمریکا و ئێران، نابێتە هۆی راگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان.

سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، رۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە گفتوگۆیەکی داخراودا لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازیی، سیاسی و ئەمنی وڵاتەکەی جەختی کردووەتەوە، هیچ رێککەوتنێکی ئەگەری لە نێوان واشنتن و تاران کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەوان دژی حزبوڵڵا نابێت و شەڕەکە ناوەستێنێت.

ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە، ناوچەکە لە دۆخی ئامادەباشی دایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ، دوای ئەوەی لە 28ـی شوباتی رابردوودا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێکرد.