ناتۆ: مووشەکێکی ئێرانمان تێکشکاند کە ئاڕاستەی خاکی تورکیا کرابوو

هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) رایگەیاند، مووشەکێکی ئێران کە بەرەو خاکی تورکیا هاوێژرابوو، تێکشکاندووە.

سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ( ناتۆ )، رایگەیاند، ئەو هێرشەی ئەمرۆی ئێران کە بە مووشەکێکی بالیستی ئەنجامدرا چوارەمین مووشەکە کە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لەلایەن ناتۆوە بەرپەرچ دەدرێتەوە.

ئەلیسۆن هارت، گوتەبێژی هاوپەیمانیی ناتۆ، لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس، بڵاویکردەوە: "ناتۆ ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی هاوشێوە و هەمیشە هەرچی پێویست بێت ئەنجامی دەدات بۆ پاراستنی هەموو هاوپەیمانەکانی".

لەلایەکی دیکەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا جەختی لەوە کردبووەوە، دوورخستنەوەی تورکیا لە تێوەگلان لە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشینەی کارەکانیدایە، ئەردۆغان بەڵێنیدا وڵاتەکەی نەبێتە نێچیری پێشهاتە ورووژێنەرەکان، ئەمەش دوای ئەوەی ناتۆ سێیەم مووشەکی ئێرانی تێکشکاندبوو.

ئەردۆغان لە لێدوانێکدا گوتی: "ئێمە بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پیلان و تەڵە و ورووژاندنانە دەکەین کە ئامانجیان راکێشانی وڵاتەکەمانە بۆ ناو جەنگ"، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، تورکیا وەڵامێکی گونجاو و هاوسەنگی بۆ هەر هەڕەشەیەک دەبێت.