بلومبێرگ: ئێران حوسییەکان بەکاردەهێنێت بۆ پەکخستنی جووڵەی کەشتیوانی لە دەریای سوور

ئاژانسی بلومبێرگ لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، تاران کارتی فشاری حوسییەکانی یەمەن بەکاردەهێنێت بۆ فشارخستنە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوەش لە رێگەی بە ئامانجگرتنی هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی لە دەریای سووردا.

سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەوروپی رایگەیاندووە، ئێران هانی حوسییەکان دەدات کە ئەگەر ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر تاران چڕتر کردەوە، ئەوا حوسییەکان دەست بکەن بە تێکدانی جووڵەی بازرگانی و کەشتیوانی لە دەریای سووردا.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە ناو سەرکردایەتی گرووپی حوسییەکاندا جۆرێک لە دابەشبوون و ناکۆکی هەیە سەبارەت بە ئاست و شێوازی پەرەپێدانی هێرشەکان، هاوکات ئەم ناکۆکییە ناوخۆییە بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێت بۆ ئەوەی کە تاوەکو ئێستا حوسییەکان بەو شێوەیەی ئێران دەیەوێت بە تەواوی نەچوونەتە ناو جەنگی دژی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.

لە لایەکی دیکەوە، حوسییەکان رۆژی شەممە پشتڕاستیان کردەوە، مووشەکێکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، رایانگەیاند، ئەم هێرشە لە وەڵامی بەردەوامی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل و بە ئامانجگرتنی ژێرخانەکانی لوبنان، ئێران، عێراق و فەلەستین بووە.

گرووپەکە جەختیان لەوە کردەوە، هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی ئامانجە راگەیەندراوەکانیان بەدی دێت، پێشتریش هۆشدارییان دابوو ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ئێران بەردەوام بن، ئەوا دەریای سوور دەکەنە مەیدانی شەڕ و رێگری لە هاتوچۆی کەشتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن.