فیفا: هیچ پلانێکی جێگرەوەمان نییە و دەبێت ئێران لە مۆندیالدا بەشدار بێت
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، داوای لە ئێران کرد بەشداری لە یارییەکانی مۆندیالی ئەم هاوینەدا بکات کە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای ئەو ململانێیە توندەی لە نێوان تاران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە هەیە.
سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی مەکسیکی رایگەیاند: "دەمانەوێت ئێران یاری بکات و لە مۆندیالدا دەبێت، هیچ پلانێکی جێگرەوەمان نییە و تەنها یەک پلانمان هەیە." ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵبژاردەی ئێران نوێنەرایەتی گەلی خۆی دەکات، چ ئەوانەی لە ناو وڵاتەکەن یان ئەوانەی لە دەرەوە دەژین.
بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵبژاردەی ئێران نایەوێت سێ یارییەکەی قۆناغی کۆمەڵەکان لە خاکی ئەمریکا ئەنجام بدات و داوای کردووە یارییەکانی بگوازرێنەوە بۆ وڵاتی مەکسیک، فیفا هێشتا هەڵوێستی روونی بەرامبەر ئەم داوایە دەرنەبڕیوە، بەڵام ئینفانتینۆ جەختی کردەوە، دەیانەوێت باشترین کەش بۆ بەشداری ئێران دابین بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، مەهدی تاج سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بایکۆتی ئەمریکا دەکات بەڵام بایکۆتی مۆندیال ناکات، هاوکات وەزارەتی وەرزشی ئێران بڕیارێکی نوێی دەرکردووە و گەشتی هەموو هەڵبژاردە نیشتمانییەکان و یانە وەرزشییەکانی بۆ ئەو وڵاتانەی بە "دوژمن"یان دادەنێت قەدەغە کردووە، ئەوەش بەهۆی نیگەرانی لە پاراستنی گیانی وەرزشوانانی وڵاتەکەی.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێ و یانەکان داوا لە یەکێتیی ئاسیا بکەن بۆ گۆڕینی شوێنی یارییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.