وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ ئامادەیە کۆتایی بە جەنگی ئێران بهێنێت
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە یاریدەدەرەکانی راگەیاندووە، ئامادەیە کۆتایی بە هەڵمەتە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژی ئێران بهێنێت، تەنانەت ئەگەر گەرووی هورمزیش بە داخراوی بمێنێتەوە.
سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو ئیدارەی حکوومەتی ئەمریکا رایگەیاندووە، ترەمپ گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە هەوڵدان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بە هێزی سەربازی، جەنگەکە زۆر درێژ دەکاتەوە و لەو خشتە زەمەنییەی ئەو دایناوە کە (4 بۆ 6 هەفتە) زیاتر درێژە دەکێشێت بۆیە بڕیاری داوە تەنها جەخت بکاتەوە سەر ئامانجە سەرەکییەکان کە بریتین لە: لاوازکردنی هێزی دەریایی و مووشەکیی ئێران، کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان و فشارخستنی دیپلۆماسی بۆ گەڕانەوەی ئازادیی بازرگانی.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر دیپلۆماسی سەرکەوتوو نەبوو، واشنتن فشار دەخاتە سەر هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو تاوەکو خۆیان ئەرکی کردنەوەی گەرووەکە بگرنە ئەستۆ.
رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، ستراتیژی ترەمپ جۆرێک لە تەمومژ و دژبەریی تێدایە، لەکاتێکدا باس لە کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکات، بەڵام هاوکات فەرمانی کردووە بە ناردنی کەشتیی جەنگی "USS Tripoli" و هەزاران سەربازی "فیرقەی 82 بۆ ناوچەکە، ترەمپ جارێک جەنگەکە بە گەشتێکی خۆش ناو دەبات و جارێکی دیکەش باس لە ئۆپراسیۆنی مەترسیدار دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی ئێران.
داخرانی گەرووی هورمز بووەتە هۆی شڵەژانی بازاڕی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی غاز و سووتەمەنی لە جیهاندا، هاوکات زۆرێک لە پیشەسازییەکان کە پشت بە ماددەکانی وەک هێلیۆم دەبەستن بۆ دروستکردنی چیپی کۆمپیوتەر، رووبەڕووی کەمیی ماددە خاوەکان بوونەتەوە.
هەروەها کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ئامانجیان گەڕانەوەی باری ئاساییە بۆ گەرووەکە، بەڵام لێدانی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران لە پێشینەی کارەکانیاندایە.
لە کاتێکدا ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، ئێستا ئێران لەلایەن رژێمێکی میانڕەوترەوە بەڕێوەدەبرێت، هاوکات هەڕەشەی توندی کردووە کە ئەگەر پێویست بکات، وێستگەکانی کارەبا و ناوەندەکانی نەوتی ئێران دەکاتە ئامانج، بەتایبەت "دوورگەی خارگ" کە شا دەماری هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەیە.