ئادەم سمیت بۆ کوردستان24: بەغدا پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان نەکردووە

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، رەخنەی توندی لە حکوومەتی بەغدا گرت بەوەی لە ماوەی رابردوودا پشتیوانی لە ماف و کارەکانی هەرێمی کوردستان نەکردووە. جەختی کردەوە کە هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت هەنگاوێکی ئەرێنییە و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

ئادەم سمیت، ئەندامی دیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بە کوردستان24ی رایگەیاند، "ئێمە دەمانەوێت ناوچەکە بە شێوەیەکی کارا هەنگاو بنێت، بۆیە هەر لایەن و وڵاتێک بتوانێت نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات، ئەوا کارێکی ئەرێنی ئەنجام دەدات و خزمەت بە سەقامگیری دەکات."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، سمیت ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هەردوولا پێکەوە کار بکەن، بەڵام نیگەرانیی قووڵی خۆی لە هەڵوێستەکانی بەغدا نەشاردەوە و گوتی: "ماوەیەکی زۆرە نیگەرانم لەوەی حکوومەتی بەغدا پشتیوانکار نەبووە لەو کار و پڕۆژانەی کە پێویست بووە هەرێمی کوردستان ئەنجامیان بدات."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمریکا جەختی کردەوە، بە تەواوی پشتیوانی لە هەوڵە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی دۆسیەی نەوت، تاوەکوو هەرێم بتوانێت وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە کەرتی وزەدا بەردەوام بێت.