لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت 10 کەس کوژران
لە هێرشێکی ئاسمانیی چڕدا بۆ سەر ناوچەی جناح لە نزیک بەیرووت، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کاروانێکی چوار ئۆتۆمبێلیان پێکاو بەو هۆیەوە 10 کەس کوژران. لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل دەڵێت سەرکردەیەکی باڵای حزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج، میدیاکانی لوبنان باس لەوە دەکەن کە ئامانجی هێرشەکە کەسایەتییەکی باڵای ئێرانی بووە.
درەنگانی شەوی سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، ئاسمانی بەیرووت و دەوروبەری بووە مەیدانی بۆردوومانێکی چڕی ئیسرائیل. پەیامنێری سکای نیوز عەرەبی ڕایگەیاند کە فڕۆکەکانی ئیسرائیل کاروانێکی چوار ئۆتۆمبێلیان لە ناوچەی جناح، لە نزیک زاحیەی باشووری بەیرووت کردووەتە ئامانج و بە تەواوی خاپووریان کردووە. ئەم هێرشە دوای کاتژمێرێک هات لە پێکانی ئۆتۆمبێلێکی دیکە لەسەر ڕێگای خەلدە کە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس.
سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج، زانیارییەکان دژبەیەکن. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سەرکردەیەکی ئاستی باڵای حزبوڵڵا لەناوبردووە، بەڵام سەرچاوە هەواڵییەکانی لوبنان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری زۆرە یەکێک لە کوژراوەکان کەسایەتییەکی سیاسی یان سەربازیی گەورەی ئێران بێت کە لەو کاروانەدا بووە.
هاوکات لەگەڵ ئەمە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل هێرشی توندیان کردە سەر ناوچەکانی بیئر عبد و غوبێری لە زاحیەی باشووری بەیرووت. لە بەرەی باشووریش، هێزە زەمینییەکانی ئیسرائیل پێشڕەوییان کردووە و بۆردوومانی چڕ لەسەر درێژایی ڕێڕەوی ڕووباری لیتانی بەردەوامە.
لەسەر زەویش ململانێیەکان توندتر بوونەتەوە؛ پێکدادانی سەخت لە نێوان چەکدارانی حزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل لە میحوەرەکانی تەیبە، قەنتەرە و فەقعانی لە ئارادایە، هاوکات ئیسرائیل تەقینەوەیەکی گەورەی لە شارۆچکەی خیام ئەنجامداوە. لە ناوچەکانی نەبەتیە و مەرجەعیونیش بەهۆی بۆردومانەکانەوە لانی کەم 8 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە.