موجتەبا خامنەیی بۆ نەعیم قاسم: سیاسەتی ئێران بۆ پشتیوانیی بەرەی بەرگری ناگۆڕێت
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکەم نامەی فەرمیدا بۆ سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، جەختی کردەوە کە تاران لەسەر رێبازی ڕێبەری کۆچکردوو بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی بەرەی بەرگری دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل. خامنەیی جەنگی ئێستای ناوچەکەی بە تاقیکردنەوەیەک بۆ سەلماندنی پشوودرێژی و خۆڕاگری وەسف کرد.
رۆژی سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران نامەیەکی ئاراستەی نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حزبوڵڵا کرد. ئەم نامەیە وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو بروسکەی سەرەخۆشییەی کە حزبوڵڵا بەبۆنەی شەهیدبوونی عەلی خامنەیی ئاراستەی تارانی کردبوو.
رێبەری نوێی ئێران لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە خۆڕاگری لە بەرانبەر "دوژمنانی سەرسەختی جیهانی ئیسلام، واتە ئەمریکا و ئیسرائیل"، خاڵێکی جەوهەریی سیاسەتی وڵاتەکەیەتی و گوتی: "رێبازی مقاوەمە کە لەلایەن فەرماندە گەورەکانی وەک قاسم سولەیمانی، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس مووسەوی داڕێژراوە، بەردەوام دەبێت و خوێنی شەهیدان ئەم دارە بەهێزتر دەکات."
موجتەبا خامنەیی رایگەیاند: "ئێوە لەم ساتەوەختە مێژووییە و هەستیارەی ناوچەکەدا رێبەرایەتیی ئەم بزووتنەوە پیرۆزە دەکەن؛ هیوادارم بە هۆشمەندی و ئازایەتیی خۆتان پلانەکانی دوژمن تێکبشکێنن." ئەو دووپاتی کردەوە کە ئومێدێکی زۆری هەیە حزبوڵڵا بتوانێت شکۆ و ئارامی بۆ گەلی لوبنان بگێڕێتەوە.
لە کۆتایی نامەکەدا، رێبەری باڵای ئێران جارێکی دیکە جەختی لە هەڵوێستی فەرمیی تاران کردەوە و گوتی: "دووپاتی دەکەینەوە کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر هێڵی ئیمامی کۆچکردوو جێگیرە، و بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی بەرەی بەرگری لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل."