سوودانی پشووی فەرمی لە تەواوی عێراق راگەیاند

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق بۆ کۆتاییەکانی مۆندیالی 2026، بڕیاریدا ئەمڕۆ و سبەی بکرێتە پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "سەرۆکوەزیران رێنماییداوە بە پشووی فەرمی بۆ ئەمڕۆ چوارشەممەو سبەی پێنجشەممە، وەک ئاهەنگگێڕانێک بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بۆ جامی جیهانی 2026."

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت هەڵبژاردەی عێراق توانی دەستکەوتێکی مێژوویی تۆمار بکات و بە شێوەیەکی فەرمی لە دوای 40 ساڵ جارێکی دیکە بگاتە یارییەکانی کۆتایی مۆندیال، کە بڕیارە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.