بەریتانیا سیستەمی بەرگریی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
حکوومەتی بەریتانیا رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی و کەرەستەی سەربازیی زیاتریان رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و هەماهەنگیی سەربازییان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو فراوانتر کردووە.
جۆزڵن واڵەر، گوتەبێژی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا رایگەیاند، هەماهەنگیی بەرگریی لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوی هاریکاریی کەنداو زیاتر دەکەن و لەو چوارچێوەیەدا سیستەمی بەرگریی پێشکەوتووی ئاسمانی و رادار و تەنانەت فڕۆکەی جەنگیی نوێ دەنێرنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جۆزڵن واڵەر گوتیشی، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەریتانیا سەرنجی سەرەکیی لەسەر کراوەیی گەرووی هورمز و دابینکردنی ئازادیی دەریاوانییە بۆ کەشتییەکان لە ناوچەکەدا، هەروەها هاوکاریی زیاتری وڵاتانی عەرەبی دەکەن لە بەرپەرچدانەوەی درۆنەکانی ئێران لە رێگەی ناردنی پسپۆڕی تایبەت لەو بوارەدا.
لە سەرەتای مانگی ئاداری 2026ـەوە، بەریتانیا رەوانەکردنی کەرەستەی سەربازیی و سیستەمی بەرگریی بۆ وڵاتانی کەنداو خێراتر کردووە.
کیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و جۆن هیلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا پشتڕاستیان کردەوە، سیستەمی دژە درۆن بۆ کوێت و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی مەوداکورت بۆ بەحرێن دەنێرن، هەروەها مانەوەی فڕۆکە جەنگییەکان لە بنکە سەربازییەکانی قەتەر و قوبرس درێژ دەکەنەوە.
ئەم هەنگاوانە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە بەردەوامەکانی درۆن و مووشەکەکانی ئێران دێن بۆ سەر ناوچەکە.
لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز و مەترسییەکانی سەر ئازادیی دەریاوانی، لەندەن دەیەوێت لە رێگەی بەکارهێنانی سیستەمی زیرەک بۆ پاککردنەوەی مین و بڵاوەپێکردنی کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی، پارێزگاری لە جموجووڵی بازرگانی و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بکات و رێگری لە زیانە ئابوورییە جیهانییەکان بگرێت.