10 وڵاتی ئەوروپی داوا لە ئیسرائیل دەکەن ئۆپەراسیۆنەکانی لە لوبنان رابگرێت

وەزیرانی دەرەوەی 10 وڵاتی ئەوروپی، لە نێویاندا بەریتانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، داوایان لە ئیسرائیل کرد ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناو خاکی لوبنان رابگرێت و رێز لە سەروەریی خاکەکەی بگرێت.

راگەیەندراوەکە هاوبەشەکە لەلایەن وڵاتانی 'بەلجیکا، قوبرس، کرواتیا، فەرەنسا، یۆنان، ئیتاڵیا، ماڵتا، هۆڵەندا، پورتوگال، و بەریتانیا و بە بەشداریی یەکێتی ئەوروپا و کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە واژۆ کراوە، دووپاتی دەکاتەوە، "پشتگیری تەواوی حکوومەت و گەلی لوبنان دەکەین کە جارێکی تر بەدەست لێکەوتە تراژیدییەکانی جەنگێکەوە گرفتارن کە جەنگی ئەوان نییە."

واژۆکارانی راگەیەندراوەکە داوای مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەلامەتیی هێزەکانی پاراستنی ئاشتی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفێل)یان کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا سێ ئەندامی ئەو هێزانە کوژران.

هاوکات ئێوارەی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، تانکێکی ئیسرائیلی تەقەی لە پێگەیەکی هێزە ئاشتیپارێزەکان کرد و سەربازێکی ئیندۆنیزی کوژرا، هەروەها رۆژی دووشەممە، دوو سەربازی دیکەی ئیندۆنیزی بەهۆی تەقینەوەیەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

لەسەر داوای وڵاتی فەرەنسا، بڕیارە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی کوژرانی هێزەکانی یونیفێل لە لوبنان.