تەنیا چەند خولەکێک دوای گوتارەکەی ترەمپ، نڕخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

کاردانەوەی بازاڕە جیهانییەکان بۆ گوتارەکەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خێرا و بەرچاو بوو. لە کاتێکدا نرخی نەوتی خاوی برێنت بەهۆی هەڕەشە نوێیەکانەوە بە رێژەی 5% بەرزبووەوە، نرخی زێڕ ڕووی لە دابەزین کرد، ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ رایگەیاند کە جەنگی ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت؛ داواکارییەکەی ترەمپ لە وڵاتانی دیکە بۆ پاراستنی گەرووی هورمز، ترسی لای وەبەرهێنەران دروست کردووە کە رێڕەوەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بە داخراوی بمێنێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای گوتارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی، نرخی نەوتی خاوی برێنت بازدانێکی گەورەی تۆمار کرد و بە رێژەی 5% بەرزبووەوە، بە جۆرێک ئێستا هەر بەرمیلێک نەوت بە 106 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

لە بەرانبەردا، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە کە نرخی زێڕ لە بازاڕە خێراکاندا زیاتر لە 2% دابەزیوە و گەیشتووەتە 4,650.23 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک

وەبەرهێنەران و بازرگانانی نەوت بە نیگەرانییەوە گوێبیستی پەیامەکەی ترەمپ بوون کاتێک رایگەیاند کە ئەمریکا چیتر وەک پاسەوانی گەرووی هورمز نامێنێتەوە و دەبێت وڵاتانی دیکە "کەمێک ئازایەتی کۆبکەنەوە" و خۆیان نەوتەکەیان بپارێزن. ئەم لێدوانە وەک ئاماژەیەک بینرا بۆ ئەوەی کە واشنتن بە نیاز نییە بە تەنیا بەرپرسیارێتی کردنەوەی رێڕەوەکە لە ئەستۆ بگرێت.

داخستنی گەرووی هورمز، کە گرنگترین شادەماری گواستنەوەی نەوتە لە جیهاندا، بووەتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی خستنەڕوو و داواکاری. هەرچەندە ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەمریکا خۆی بەرهەمهێنەری ژمارە یەکی نەوتە، بەڵام بازاڕە جیهانییەکان هێشتا بەستراونەتەوە بەو بڕە نەوتەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ڕەوانە دەکرێت.