هەواڵگریی ئەمریکا: سەرەڕای کوژرانی سەرکردەکانی ئێران هێشتا کۆنترۆڵی لەدەست نەداوە

هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە، هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی ئێران کۆنترۆڵی خۆی بەسەر دەسەڵاتدا لەدەست دابێت، یان ئەو کەسانەی شوێنی سەرکردە کوژراوەکانیان گرتووەتەوە لە ئایدیۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی لایان دابێت.

پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی هەواڵگری ئەمریکا، لە سەرەتای ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیانەوە دژی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوو، چەندین کەسایەتیی باڵای ئێران کراونەتە ئامانج و کورژراون، لەوانە عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی، عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، محەممەد باقر قالیباف فەرماندەی سوپای پاسداران، لەگەڵ وەزیرانی هەواڵگری و بەرگری و چەندین فەرماندەی دیکەی پلە باڵا.

سەرەڕای ئەم گورزانە، بەرپرسانی رۆژئاوا و شارەزایانی کاروباری ئێران دەڵێن،" رژێمەکە هیچ نیشانەیەکی هەڵوەشانەوەی تێدا نییە، ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو کەسانەی وەک جێگرەوەی سەرکردە پێشووەکان دەستبەکار بوون، وەک ئەوان توندڕەون یان تەنانەت لەوان توندڕەوتریشن.

کەریم سەجادپوور، توێژەری باڵا لە دامەزراوەی کارنیگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی، لەمبارەیەوە دەڵێت، "سەرکردە نوێیەکانی ئێران خاوەنی هەمان ئایدیۆلۆژیان و پابەندن بە بنەماکانی شۆڕشی ساڵی 1979، ئەوان بەهۆی نەبوونی شەرعییەتەوە، بە دڕندەیی زیاترەوە حوکم دەکەن، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم سەرکردانە زیاتر لە شەڕ و ململانێ، لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەترسن".

لەلایەکی دیکەوە، سیامەک نەمازی، شرۆڤەکاری سیاسی، پێی وایە پێشبینیکردنی جووڵەکانی رژێم دوای کوژرانی ئەو هەموو سەرکردەیە قورستر بووە، ئەو دەڵێت،" کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە بڕیارەدەستەکان وایکردووە هەفتە بە هەفتە ناسینەوەی ئەوەی کێ لە پشت بڕیارە سەرەکییەکانە، ببێتە کارێکی ئەستەم.

هاوکات شارەزایان جەخت دەکەنەوە، سوپای پاسدارانی ئێران هێشتا بە توندی کۆنترۆڵی بارودۆخەکەی بەدەستەوەیە و رەنگە پێگەی ئێستای لە چاو پێش دەستپێکردنی ململانێکان بەهێزتر بووبێت، بەتایبەت کە ئێستا وەک ئەکتەرێکی سەرەکیی ئابووری و سیاسی باڵادەستیی تەواوی بەسەر وڵاتدا هەیە.

لە کۆتایی مانگی ئاداردا، تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا بە یاسادانەرانی راگەیاندووە، هەرچەندە رژێمی ئێران بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر سەرکردایەتی و تواناکانی تاوەکوو رادەیەکی زۆر لاواز بووە، بەڵام وەک سیستەمێکی سیاسی هێشتا بە پارێزراوی و بەبێ هەڵوەشانەوە ماوەتەوە.