ئێران کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی راگەیاند
سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی کوژرانی جەمشید ئیسحاقی فەرماندەیی سەربازی پلە باڵای وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکی-ئیسرائیلی راگەیاند.
پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی ئێستای سوپای پاسداران، سەرەخۆشی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی جەمشید ئیسحاقی دەربڕی کە سەرۆکی نووسینگەی بودجە و کاروباری دارایی بوو لە ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران.
ئەحمەد وەحیدی ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسحاقی لەگەڵ چەند ئەندامێکی خێزانەکەی لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژراون، بەڵام وردەکاری زیاتری سەبارەت بە کات و شوێنی هێرشەکە ئاشکرا نەکردووە.
پێشتر لە شوباتی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر جەمشید ئیسحاقی و چەندین کەسایەتی و کۆمپانیای دیکەدا سەپاندبوو، بەهۆی تێوەگلانیان لە تۆڕێکی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێران بۆ چین".
بەگوێرەی تۆمەتەکانی ئەمریکا، داهاتی ئەم نەوتە کە بە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، بۆ پارەدارکردنی گروپەکانی وەک حەماس لە غەززە، حوسییەکان لە یەمەن و حزبوڵلا لە لوبنان بەکارهێنراوە.
هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کردبوو، ئیسحاقی لە رێگەی کۆمپانیایەکی وەهمی بەناوی "سێپێهر ئینێرجی" هەماهەنگی لەگەڵ سوپای پاسداران کردووە بۆ فرۆشتنی نەوت و شاردنەوەی سەرچاوە راستەقینەکەی.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە شەڕی دژ بە ئێران چووەتە دووەم مانگەوە، لە سەرەتای جەنگەوە کە لە 28ـی شوباتی رابردوو دەستی پێکرد، چەندین سەرکردەی پلە باڵای ئێران کوژراون، لەوانە عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوو لە یەکەم رۆژی جەنگدا کوژرا، هەروەها عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە سەرەتای مانگی ئاداردا کوژرا و چەندین کەسایەتی دیکەی سەربازی و سیاسی ئێران لە ماوەی ئەم جەنگەدا لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج و کوژراون.
هەرچەندە ئیسرائیل و ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە گورزی کوشندەیان لە بنکە و سەرکردایەتی ئێران وەشاندووە، بەڵام چاودێرانی سیاسی دەڵێن کۆماری ئیسلامی هێشتا نیشانەی خۆڕاگری دەردەخات و هەوڵ دەدات شوێنی ئەو سەرکردانە پڕ بکاتەوە کە لەدەستی داون.