بەریتانیا: ئەگەری بەکارهێنانی هێز بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەدوور نازانین
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پەیامێکی توندی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02ـی نیسانی 2026، ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی 'هاوپەیمانیی هورمز' لە لەندەی رایگەیاند، لە کاتی ئێستادا سەرنجیان لەسەر گرتنەبەری رێکاری دیپلۆماسی و سەپاندنی فشاری ئابوورییە بەسەر ئێراندا.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هۆشداریی دایە تاران و ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەری بەکارهێنانی توانای سەربازی و بەرگریی بەکۆمەڵ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە ئارادایە، بەمەش بژاردەی سەربازیی دژی هەنگاوەکانی ئێران بۆ پاراستنی ناوچەکە نەشاردەوە.
ئیڤێت کووپەر ئەوەشی خستە روو، سەرکۆنەی بێباکیی ئێران دەکەن بەرانبەر بەو پێشهاتانەی روویان داوە، چونکە هەنگاوەکانی تاران زیانی گەورەی بە ئاسایشی ئابووریی جیهان گەیاندووە.
گەرووی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان دادەنرێت بۆ گواستنەوەی وزە و نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
نزیکەی مانگێکە گەرووەکە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بە رووی کەشتییەکاندا داخراوە و رێگە بە ژمارەیەکی کەمی کەشتییەکاندا دەدرێت پێیدا تێپەڕن.
داخستنی گەرووی هورمز کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی نەوت و سووتەمەنی هەبووە لە بازاڕەکانی جیهاندا و ئاسایشی ئابووریی وڵاتانی خستووەتە مەترسییەوە.