بەلجیکا ئامادەیی خۆی بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە گەرووی هورمز رادەگەیەنێت

ماکسیم پرێڤۆ، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بەشداری بکات لە پرۆسەی هەڵگرتنەوەی مین لە گەرووی هورمز، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریایی و سەقامگیریی بازرگانیی جیهانی.

وەزیری دەرەوەی بەلجیکا جەختی لەوە کردەوە کە گەرووی هورمز بۆ بازرگانیی جیهانی، ئاسایشی وزە و سەقامگیریی دەریایی بایەخێکی زۆری هەیە. ئاماژەی بەوەش دا کە داخستنی ئەو گەرووە کاریگەریی ئابووری لەسەر هەمووان دەبێت، بۆیە پاراستنی بە کراوەیی ئەرکێکی ستراتیژییە.

ئەم هەڵوێستەی بەلجیکا لە کاتی کۆبوونەوەیەکی فراواندا هات کە پرێڤۆ لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی زیاتر لە 40 وڵات ئەنجامی دا. لەو کۆبوونەوەیەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای گەرووەکە کرا و وڵاتانی بەشدار پابەندیی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی دووپات کردەوە.

پرێڤۆ جارێکی دیکە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی سەلامەتیی هاتوچۆ لەو ناوچەیە نیشان دا و رایگەیاند، بەلجیکا ئامادەیە لە رووی تەکنیکی و مەیدانییەوە بەشداری لە هەڵگرتنەوەی مینەکاندا بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان.