چەمچەماڵ.. خولی شەشەمی فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید بەڕێوەدەچێت

خولی شەشەمی فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید، کە یەکێکە لە گرنگترین چالاکییە سینەماییەکان، لە چەمچەماڵ بەڕێوەدەچێت.

شەممە، 4ـی نیسانی 2026، ئیدریس شەوکەوت، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ـی گوت، "فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید، بەمەبەستی پشتگیری کردنە لە بەرهەمە سینەماییەکان کە تایبەتن بە بابەتی تاوانەکانی جینۆساید و تیشک خستنە سەر ئەو کارەساتانەی کە دژ بە گەلی کوردستان و نەتەوەکانی تر ئەنجامدراون، بۆیە داوا لە فیلمسازان و بەرھەمھێنەرانی بواری سینەما دەکەین کە بەرهەمەکانیان بنێرن بۆ بەشداری لە خولی نوێی فێستیڤاڵەکەدا."

ئیدریش شەوکەت باس لە مەرجە سەرەکییەکانی بەشداریکردنی فیلمەکان لە فێستیڤاڵەکە دەکات و گوتی، " ئەندامانی لێژنەی فێستیڤاڵ، چەند مەرجێکی دیاریکراوی داناوە کە بریتین لە، فیلمەکان پێویستە لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2026 بەرهەم هاتبن و لە خولەکانی پێشتر بەشدار نەبووبن. ماوەی کورتە فیلمەکان نابێت زیاتر لە 20 خولەک بێت. ناوەڕۆکی فیلم پێویستە لە چوارچێوەی بابەتی جینۆساید بێت. پێویستە زانیاری کەسی دەرهێنەر، پوختەی فیلم و وردەکاری ستاف و پێوەندیدارییەکان بنێردرێت. هەروەها وێنەی رووخسار، پۆستەر، پێشەکی فیلم و چەند وێنەی ناو فیلم و پشت پەردە بنێردرێن." 

بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە باس لە بەشەکانی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، " فێستیڤاڵەکە بۆ چەند بەشێکی جیاواز دابەش کراوە وەکو، فیلمی درێژی کوردی، کورتە فیلمی دۆکیومێنتاری. فیلمی درێژی دۆکیومێنتاری. فیلمی جینۆسایدی قوتابی. فیلمی کلاسیکی پێش ساڵی 2000. هەروەها بەشی پەراوێز لە دەرەوەی پێشبڕکێ تەنیا بۆ نمایش دیاری کراوە. هەروەها دواڕۆژی پێشکەشکردنی فیلمەکانیش کۆتا وادە 25ی نیسانی 2026ە."

ئیدریس شەوکەت، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە، ئامەژەی بەوەش دا، "فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید،  یەکێکە لە گرنگترین چالاکییە سینەماییەکان کە هەوڵ دەدات بە سینەما تیشک بخاتە سەر کارەساتە مرۆیی و مێژووییەکان."

شایەنی باسە، خولی شەشەمی فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید، لە 15ی ئایاری 2026 لە چەمچەماڵ بەڕێوەبچێت و ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت.