پاکستان و ئێران جەختییان لە بەردەوامی پەیوەندییەکانیان کردەوە
وەزیرانی دەرەوەی پاکستان و ئێران، داوای هێورکردنەوەی دەستبەجێی گرژییەکانی ناوچەکەی کرد، پاکستان جەختی لەسەر پێویستیی پەنابردن بۆ دیپلۆماسییەت کردەوە بۆ رێگری لە پەرەسەندنی تەواوەتی دۆخەکە، هەردوولاش رێککەوتن لەسەر هەماهەنگیی بەردەوام بۆ چاودێریکردنی پێشهاتە سەربازییە خێراکان.
شەممە 4ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە. ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی جەنگی ئێران و هەڕەشە نوێیەکانی ئەمریکا، لە بارودۆخێکی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هەردوو وەزیر بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە دەربارەی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن. ئیسحاق دار لە پەیوەندییەکەدا جەختی لەسەر هەڵوێستی وڵاتەکەی کردووەتەوە و رایگەیاندووە کە پاکستان پشتگیری لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکات کە ئامانجیان هێورکردنەوەی گرژییەکانە .
وەزیری دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێویستە هەموو کێشەکان لە رێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ رەتکردنەوەی بژاردەی سەربازی و توندتربوونی ململانێکان. گرنگیی گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانەی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە دووپات کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئێرانی و پاکستانی رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە پەیوەندییەکی نزیک و بەردەوامدا بن بۆ چاودێریکردنی پێشهاتەکان.