حزبوڵڵای لوبنانی بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر سوپای ئیسرائیل

حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر پێگە و کۆبوونەوەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، ئەمەش دوای ئەوە دێت کەشەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی چڕیان کردە سەر ژمارەیەک گوندی باشووری لوبنان.

ئاماژەی بەوەشدا، هێرشەکانی شەوی رابردووی سوپای ئیسرائیل، شارۆچکەکانی صدیقین، کفرا، عەین بەعال، بەتولییە و وادی حەجیریان کردە ئامانج لە باشووری لوبنان، جگە لە زنجیرەیەک هێرشی دیکە بۆ سەر شارۆچکەی کفەر حەتا لە سیدۆنی باشووری لوبنان.

حزبوڵڵای لوبنانی باسی لەوەشکردووە، لە هێرشەکانیاندا کۆبوونەوەیەکی سەرباز و ئۆتۆمبێلەکانی لە شارۆچکەی ئەلبەیازە و مارۆن رەئس کردۆتە ئامانج، هەروەها بە مووشەک کۆبوونەوەیەکی دیکەیان لە ناوچەی سەدر و گردی غەدمەتا لە شارۆچکەی عەیناتە کردۆتە ئامانج و هەندێک بنکەی سەربازییشیان بە تۆپ و مووشەک و درۆن لە نزیک شارۆچکەی ئەلمالیکیە کردووەتە ئامانج.