حزبوڵڵای لوبنانی: بە مووشەک کەشتییەکی جەنگیی ئیسرائیلمان پێکا
حزبوڵڵا رایگەیاند، کەشتییەکی جەنگیی ئیسرائیلیان لە کەناراوەکانی لوبنان کردووەتە ئامانج، لە بەرانبەردا سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیل رووداوەکە رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ یـــەکشەممە، 05ـی نیسانی 2026، حزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیەنراوێکدا رایگــەیاند، بە مووشەکێکی کروزی دەریایی، کەشتییەکی جەنگیی ئیسرائیلیان لە دووری 68 میلی دەریایی لە کەناراوەکانی لوبنان کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەش کرد، پشتڕاست بووەتەوە ئەو کەشتییە جەنگییەی ئیسرائیل راستەوخۆ پێکراوە. هاوکات بەرپرسانی گرووپەکە باسیان لەوە کرد ئەو کەشتییە ئامادەکاریی دەکرد بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر خاکی لوبنان.
لە بەرانبەردا رادیۆی سوپای ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاوی کردەوە، هیچ کەشتییەکی جەنگیی ئیسرائیل نەکراوەتە ئامانج و زانیارییەکانی گرووپە چەکدارەکەی لوبنان رەت دەکەنەوە.
ئەم رووداوە بەشێکە لە ململانێ و جەنگی فراوانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، تێیدا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.
ئەمە یەکەمجارە لە سەرەتای ئەم جەنگەوە حزبوڵڵای لوبنانی رابگەیەنێت بە مووشەکی کروز هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی جەنگیی ئیسرائیل لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاستدا.
لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل چەندین جار لە رێگەی کەشتییە جەنگییەکانییەوە هێرشی کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی باشووری لوبنان و تێیدا چەندین چەکدار و هاووڵاتیی مەدەنی بوونەتە قوربانی.