هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە لە کەنداو بەردەوامە

لەسەر ئاستی وڵاتانی کەنداو، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران کرایە سەر دامەزراوەکانی وزە لە کوێت، ئیمارات و بەحرەین.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 05ـی نیسانی 2026، دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی وڵاتانی کەنداو رایانگەیاند، ئێران زنجیرەیەک دامەزراوەی وزەی لە کوێت، ئیمارات و بەحرەین کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی زیانی ماددی و لەکارخستنی بەشێک لە دامەزراوەکان.

لە کوێت، وەزارەتی کارەبا و ئاو و وزەی نوێبووەوە رایگەیاند، هێرشێکی درۆنی زیانی بە دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و پاڵاوتنی ئاو گەیاندووە و بووەتە هۆی لەکارکەوتنی دوو یەکەی وێستگەکان.

لە ئیمارات، وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوە کرد، بەرپەرچی چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنییان داوەتەوە. هاوکات ئاگر لە کارگەی "بۆروج" بۆ پیترۆکیمیاوی لە ئەبوزەبی کەوتووەتەوە و بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی راگیراون.

لە بەحرەینیش بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە ئاگر لە عەمبارێکی سووتەمەنیی سەر بە کۆمپانیای "باپکۆ ئینێرجیز" کەوتەوە و دواتر کۆنترۆڵ کرا.

ئەم هێرشانە بەشێکن لە ململانێ فراوانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی نێوان ئێران لە بەرانبەر ئەمریکا و ئیسرائیل. لە دوای بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، ئێران چەندین جار هەڕەشەی کردووە، ئەگەر بەرژەوەندییەکانی بکرێنە ئامانج، رێگە نادات هیچ وڵاتێک لە کەنداو سەقامگیر بێت و رەوانەکردنی وزە بە ئاسانی بەڕێوە بچێت.

بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە لە وڵاتانی کەنداو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕی نەوت و گازی جیهانی هەیە و هەناردەکردنی سووتەمەنی لە گەرووی هورمزەوە رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و هاتنە ناوەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی وزە.