سێ ئەستێرەی ئیتاڵیا بەربژێرن بۆ سەرۆکایەتی

فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا
فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا

دوای شکستی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەرامبەر بۆسنە، لە کۆتا قۆناغی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 و وازهێنانی سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، دەنگۆیەک هەیە سێ ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئازۆری بەربژێرن بۆ ئەو پۆستە.

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بۆ جاری سێیەم لەسەر یەک، نەیتوانی بلیتی بەشداری لە مۆندیال بەدەست بهێنێت و هەر ئەمەش وایکرد گابریێل گراڤینا سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە دەستلەکاربکشێتەوە، وەزارەتی وەرزشی ئەو وڵاتەش دەیەوێت بە زوترین کات شوێنگرەوەیەک دیاری بکات.

رۆژنامەی Tuttosportـی ئیتاڵی زانیاری دەستکەوتووە، هەر یەکە لە پاولۆ ماڵدینی و ئالێساندرۆ دێلپیەرۆ و هەروەها دێمێتریۆ ئالبێرتینی سێ ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان، بەربژێرن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی فێدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیان.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە بڕیارە رۆژی 22ـی مانگی شەشی داهاتوو هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی نوێی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا بکرێت و بەربژێرەکانیش دەبێت 40 رۆژ پێش ئەو وادەیە بەربژێربوونی خۆیان رابگەینن.