یانەکانی ئێران بڕیار لەسەر چارەنوسی خولی وڵاتەکەیان دەدەن

خولی نایابی ئێران
خولی نایابی ئێران

لەوەتەی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژی 28ـی مانگی شوباتی ئەمساڵ بۆ سەر ئێران، یارییەکانی خولی نایابی ئەو وڵاتە لەو کاتەوە وەستێندراون و بەهۆی بارودۆخی ئەو وڵاتە، هیچ یارییەک لەو کاتەوە بەڕێوەنەچووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026 فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڵاویکردەوە، بە ئامادەبوونی مەهدی تاج سەرۆکی فێدراسیۆن و ئامادەبوونی ئەندامانی سەرجەم 16 یانەکەی خولی نایابی وڵاتەکەیان، کۆبونەوەیەکی نائاسایی  رێکخرا، بە مەبەستی یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی خولی وڵاتەکەیان، بەڵام لەو کۆبونەوەیە هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نەدرا.

سەرچاوەکە بڵاویکردەوە لە کۆی 16 یانەکەی خولی نایابی ئێران 12 یانە دژی دەستپێکردنەوەی خولی وڵاتەکەیانن و پێیانوایە لەم دۆخەدا ناکرێت یارییەکانی بەڕێوەبچن، هەروەها تەنها 4 یانە لەگەڵ ئەوەن خولی وڵاتەکەیان دەست پێ بکاتەوە، چوار یانەکەش بریتین لە پێرسپۆلیس و ئیستیقلال و فەجر سپاسی و هەروەها خەیبەر.

فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڵاویشی کردەوە، بڕیاروایە لە ماوەیەکی نزیک ئەنجومەنی خولی وڵاتەکەیان کۆبونەوەیەکی چارەنوسازی لەسەر چارەنوسی خولی نایابی وڵاتەکەیان ئەنجام بدات و یەکێک لە پێشنیارەکانیش بۆ دەستپێکردنەوەی خولەکە ئەوەیە، یارییەکان لە پارێزگایەک یاخود دوو پارێزگای دیاریکراو بکرێن.