وەزیری تەندروستی: ئاسانکاری تەواو بۆ هاوردەکردنی خۆراک دەکرێت

وێنەی کۆبوونەوەی وەزیری تەندروستی و ژمارەیەک بازرگان
وێنەی کۆبوونەوەی وەزیری تەندروستی و ژمارەیەک بازرگان

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکوومەت پلانی وردی هەیە بۆ پڕکردنی کۆگاکانی خۆراک و ئاسانکاری تەواو بۆ بازرگانان دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگیەکانی ئێستا و ئامادەکاری زیاتر بۆ فەراهەمکردن و کۆگاکردن و دابینکردنی زۆرترین بڕی کەلوپەلەکانی خواردن و خواردنەوەکان و تاوتوێکردنی رەوشی بازرگانی لە سێکتەری تەندروستی خۆراك و خواردن و خواردنەوەکان، ئاسانکاری تەواو بۆ بازرگانەکان بکرێت.

وەزیری تەندروستی گوتیشی:  تاوەکو بڕێکی باشی کۆگاکان پڕ بکەین، وەکو ئامادەکاری تووشی هیچ گرفتێک نەبین و هەموو جۆرەکانی مۆڵەتی هاوردەکردنی خۆراک و خواردن و خواردنەوەکان ئاسانکاری تەواویان بۆ بکرێت، تایبەت بۆ تێپەڕاندنی هەر کۆسپێك کە بێتە پێش لە بارودۆخی ئێستا.

هەروەها وەزیری تەندروستی دووپاتیکردەوە، حکوومەتی هەرێم بە هەمووشێوەیەک کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان دەکات بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە دا تووشی قەیران و گرفتی گەورە نەبنەوە.