2 هەزار کەشتی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە

رۆنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کرد، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران، نزیکەی دوو هەزار کەشتی لە گەرووی هورمز ​​گیریان خواردووە، هەروەها زیاتر لە 20 هەزار کەشتیوان کەمبوونەوەی پێداویستییەکانیان رووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە.

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی، هەزاران کەشتیوان لە دۆخێکی سەختدا دەژین، چونکە ناتوانن نە بەرەو پێشەوە بڕۆن نە بگەڕێنەوە، ئەمەش بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەیە کە زیاتر لە مانگێکە بەردەوامە.

بەگوێرەی داتاکان، لە چەند هەفتەی رابردوودا کەمتر لە 200 کەشتی توانیویانە گەرووەکە ببڕن، لەکاتێکدا زۆرینەی کەشتیەکان گیریان خواردووە، هیچ ئاماژەیەکیش نییە کەی هاتوچۆی کەشتیوانی ئاسایی دەبێتەوە.

قەیرانەکە بۆ کەشتیوانەکان خراپتر بووە، چونکە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و سەوزە و ئاوی شیرینیان خەریکە تەواو دەبێت، جگە لەوەی بەهۆی بۆردومانەکان ترس هەیە کەشتیەکان بپێکرێن.

بەشێک لە دەریاوانەکان بە تایبەت ئەوانەی خەڵکی چینن، لە رێگەی ڤیدیۆوە ناڕەحەتییەکانیان تۆمار کردووە و دەرکەوتووە پەنایان بۆ کۆکردنەوەی ئاوی ئەیرکۆندیشنەکان بردووە بۆ ئەوەی بۆ خۆشۆردن و جل شۆردن بەکاریبهێنن، هەندێکی دیکەش ڕوویان لە ڕاوکردنی ماسی کردووە بۆ دەستەبەرکردنی ژەمە خۆراکی رۆژانەیان.