ترەمپ: گەیشتن بە هێڵی کۆتایی لەگەڵ ئێرانییەکان ئەستەمە، بەڵام ئەم تیمی نوێیە ژیرترن
سەرۆکی ئەمریکا، کاتژمێر 8:00ی شەوی سێشەممەی وەک دوا مۆڵەت و ساتی یەکلاکەرەوە بۆ ئێران دیاری کرد. هۆشداری دا کە ئەگەر تا ئەو کاتە ڕێککەوتن نەکرێت، فەرمانی وێرانکارییەک دەردەکات کە هاوشێوەی نەبووبێت و وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج؛ هاوکات ئاشکرای کرد کە ئێستا لەگەڵ گرووپی سێیەمی دەسەڵاتدارانی ئێران کە بە عەقڵانیتر وەسفی کردن، لە دانوستاندایە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کاتژمێر 8:00ـی شەوی سێشەممە (بە کاتی خۆرهەڵاتی ئەمریکا) دەبێتە ساتی یەکلاکەرەوەی جەنگەکە.
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا کە ئەگەر تاوەکوو شەوی سێشەممە ڕێککەوتن نەکرێت، فەرمانی وێرانکارییەک دەردەکات کە پێشتر وێنەی نەبووبێت و گوتی: "ڕۆژی سێشەممە لە ئێران دەبێتە 'ڕۆژی وێستگەکانی کارەبا' و 'ڕۆژی پردەکان'، هەمووی پێکەوە. هیچ شتێک نابینن هاوشێوەی ئەو وێرانکارییە بێت. یان گەرووی هورمز دەکەنەوە یان لە ناو دۆزەخدا دەژین.
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەوەی ئایا ئامادەیە جارێکی تر مۆڵەتەکە بۆ تاران درێژ بکاتەوە، ترەمپ گوتی: "ئەمە کارێکی زۆر دوورە و ئەگەری نییە، چونکە کاتی زۆریان پێدراوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە تاکە چانسێکی داوەتە تاران و هیوای خواستوە بیقۆزنەوە، بەڵام هۆشداری دا کە ئەگەر ئێرانییەکان ڕێکنەکەون، دووچاری کێشەیەکی گەورە دەبن.
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێگەدان بە ئێران بۆ بوون بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی خۆی لە خۆیدا تاوانی جەنگە. گوتیشی: "ئێران بە هیچ جۆرێک نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ناکرێت چەکی ئەتۆمی بدەیتە دەست مرۆڤی نا ژیر. دووپاتیشی کردەوە، هەرچەندە ئەمریکا دەتوانێت هەر ئێستا ئێران بەجێبهێڵێت و 15 ساڵی دەوێت تاوەکوو تاران خۆی بنیات بنێتەوە، بەڵام ئەو دەیەوێت کارەکە بە تەواوەتی کۆتایی پێبهێنێت.
سەبارەت بە دانوستانەکانیش، ترەمپ ئاشکرای کرد کە تاران پێشنیازێکی نوێی پێشکەش کردووە و بە پێشنیازێکی گرنگ و هەنگاوێکی جددی وەسفی کرد، بەڵام جەختی کردەوە کە "هێشتا پێشنیازەکە لەو ئاستەدا نییە کە جێگەی ڕەزامەندی بێت.
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە ئاگربەستێکی 45 ڕۆژی دەکەن. بە توندی ڕایگەیاند: "کێ باسی 45 ڕۆژ دەکات؟ تاکە کەسێک کە بڕیار لەسەر ئاگربەست بدات منم، تاوەکوو ئێستاش هیچ بڕیارێکی ئاگربەستم نەداوە."
ترەمپ جەختی کردەوە کە پلانەکەی تەنیا لێدانی سەربازی نییە، بەڵکوو دەستبەسەرداگرتنی نەوتەکەیە تاوەکوو پارەی تێچووەکانی جەنگی پێ دابین بکات.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "گەلی ئێران، کاتێک دەنگی بۆمبەکان نابیستن، نیگەران دەبن. ئەوان دەیانەوێت دەنگی بۆمب ببیسن، چونکە دەیانەوێت ئازاد بن." ئاماژەی بەوە کرد، خەڵک تەنیا لەبەر ترس بێدەنگن و گوتی: "ئەوان دەزانن ئەگەر بێنە سەر شەقام، هاوشێوەی ئەو زۆرانبازە و هاوڕێکانی، دەستبەجێ گوللەیان پێوە دەنرێت." ترەمپ ئاشکراشی کرد کە بەپێی زانیارییەکانی ئەوان، ئێران تاوەکوو ئێستا 45 هەزار خۆپیشاندەری لەناو شەقامەکاندا کۆمەڵکوژ کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا لەگەڵ گرووپی سێیەمی دەسەڵاتدارانی ئێران خەریکی دانوستانن، کە بە گوتەی ئەو زۆر عەقڵانیتر و ژیرترن لەو شێتانەی لە قۆناغی یەکەم و دووەمدا خامەنەیی و فەرماندە کۆنەکان هەبوون. ترەمپ گوتی: ئەو کەسانەی ئێستا قسەیان لەگەڵ دەکەین زۆر باشترن، بەڵام گەیشتن بە هێڵی کۆتایی لەگەڵ ئێرانییەکان هەمیشە کارێکی ئەستەمە. باسی لەوەش کرد کە ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر نوێنەرایەتی ئەمریکا دەکەن لەو دانوستانە قووڵانەدا.