ئەکسیۆس: ناتانیاهۆ داوا لە ترەمپ دەکات ئاگربەست نەکات

دووشەممە 6ی نیسانی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلییەوە ئاشکرای کرد، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لێکردووە لەم ساتەدا نەچێتە ژێر باری هیچ رێککەوتنێکی ئاگربەست لەگەڵ ئێران. ناتانیاهۆ نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربارەی مەترسییەکانی ئەم هەنگاوە لە ئێستادا دەربڕیوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ناتانیاهۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دوێنێ یەکشەممەدا، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی رێگری بکات لە هەر جۆرە خاوبوونەوەیەکی فشارە سەربازییەکان. بەرپرسە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تەلئەڤیڤ پێیوایە وەستاندنی جەنگ لەم قۆناغەدا رەنگە دەرفەت بداتەوە بە تاران بۆ خۆڕێکخستنەوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و دەستکەوتەکانی جەنگ دروست دەکات.

ئەکسیۆس دەشڵێت: لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ وەڵامی ناتانیاهۆی داوەتەوە و رایگەیاندووە، ئاگربەست تەنیا کاتێک روودەدات کە ئێران بە تەواوەتی مەرجەکانی ئەمریکا قبووڵ بکات. ترەمپ جەختی کردووەتەوە، ئەو بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری داواکارییە سەرەکییەکەی نابێت، ئەویش رادەستکردنی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بەرپرسە ئیسرائیلییەکە بۆ ئەکسیۆس دووپاتی کردووەتەوە، کە ترەمپ مەرجێکی توندتریشی بۆ تاران داناوە؛ جگە لە رادەستکردنی یۆرانیۆمەکە، دەبێت ئێران بە فەرمی رێککەوتن واژۆ بکات کە بۆ هەمیشە دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم ناکاتەوە.