ئێران لەژێر بۆردومانی چڕدایە و بانگەواز بۆ گردبوونەوە دەکات
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، کەمتر لە دوو کاتژمێر دوای هێرشە چڕەکانی شەوی رابردوو، جارێکی دیکە چەندین شاری ئێران رووبەڕووی بۆردومان و تەقینەوەی بەهێز بوونەوە. هێرشەکان بە پلەی یەکەم کۆگاکانی چەک، تەقەمەنی و وێستگەکانی سووتەمەنییان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە دوورگەی کیش لە باشووری ئێران و دەوروبەری کۆگایەکی تەقەمەنی لە باشووری ئیسفەهان بیستراوە. هاوکات شاری تەورێز پشکی شێری بەرکەوتووە و زیاتر لە 20 تەقینەوەی گەورە شارەکەی هەژاندووە، هەروەها شاری قەزوین لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە رووبەڕووی هێرشی توند بووەتەوە.
لە کاردانەوەیەکی چاوەڕواننەکراودا، عەلی ڕەزا ڕەحیمی، جێگری وەزیری وەرزش و لاوانی ئێران، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە گەنجان، وەرزشوانان، هونەرمەندان و خوێندکاران کرد، کاتژمێر 2ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لەبەردەم وێستگەکانی وزە و کارەبا لە سەرانسەری وڵات کۆببنەوە.
ڕەحیمی رایگەیاند: "ئامانجمان لەم گردبوونەوەیە گەیاندنی پەیامێکە بە جیهان کە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی تاوانی جەنگە."
ئەم هێرشانە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ پێشتر هەڕەشەی توندی ئاراستەی تاران کردبوو، رایگەیاندبوو ئەگەر ئێران گەرووی هورمز نەکاتەوە، وێستگەکانی وزە و پردەکان دەکرێنە ئامانج. ترەمپ مۆڵەتێکی تا ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ئێران دیاری کردبوو، وادیارە هێرشەکان پەیوەستن بە کۆتایی هاتنی ئەو مۆڵەتەوە.
ئێستا دۆخەکە لە ئێران زۆر ئاڵۆزە و چاوەکان لەسەر کاتژمێرەکانی داهاتوون کە ئایا تاران چۆن وەڵامی ئەم هێرشانە دەداتەوە.