دوای هەڕەشەکەی ترەمپ، ئەمریکا لیوایەکی مووشەکیی دوور مەودا خستە جووڵە

تۆم کۆتن، سەرۆکی لێژنەی هەواڵگری و ئەندامی لێژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند، هێزێکی سەربازی لە لیوایەکی پسپۆڕ لە هاویشتنی مووشەکی دوور مەودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانیان بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێهێشتووە.

کۆتن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ ژمارەیەک لە ئافرەت و پیاوە ئازاکانی لیوای 142ـی تۆپخانەی مەیدانی لە ویلایەتی ئارکنساسەوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتن." هەروەها سوپاسی خۆی و ویلایەتەکەی بۆ خزمەت و قوربانییەکانی ئەو سەربازانە دەربڕی.

ئەم هێزە سەر بە پاسەوانی نیشتمانییە و بارەگا سەرەکییەکەی لە ویلایەتی ئارکنساسە. پسپۆڕیی سەرەکییان لە هاویشتنی مووشەکی دوورهاوێژدایە. هەرچەندە ژمارەی سەربازانی ئەم لیوایە لە نێوان 2 بۆ 3 هەزار سەرباز دەبێت، بەڵام هێشتا بە تەواوی روون نییە چەند کەسیان رەوانەی ناوچەکە کراون.

ئەم جوڵە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەو مۆڵەتەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێرانی دیاریکردبوو. ترەمپ داوای لە ئێران کردووە گەرووی ستراتیژیی هورمز کە یەک لەسەر پێنجی وزەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت بە کراوەیی بهێڵێتەوە و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت.

دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کردووە و رایگەیاندووە: "ئەگەری هەیە تەواوی وڵاتەکە لە یەک شەودا لەناو بچێت، رەنگە ئەو شەوە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بێت. هیوادارم ناچار نەبم ئەو کارە بکەم." ترەمپ هەڕەشەی تێکشکاندنی پرد و وێستگەکانی کارەبای ئێرانی کردووە ئەگەر مەرجەکانی جێبەجێ نەکرێن.