وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ گەشبین نییە بە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران

بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە گفتوگۆ تایبەتەکانیدا کەمتر گەشبینە بەوەی ئێران ئامادەی رێککەوتن بێت، ئەمەش وایکردووە ئەگەری دەرکردنی فەرمانی هێرشی سەربازی لە شەوی سێشەممەدا زیاتر بێت.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ بەرەو بێئومێدی دەڕوات سەبارەت بە گەیشتن بە چارەسەر، هەرچەندە ئاماژەیان بەوەش کردووە، رەنگە هەڵوێستی سەرۆک بگۆڕێت ئەگەر لە چەند کاتژمێری داهاتووی شەودا بەرەوپێشچوونێکی کتوپڕ لە رەوتی گفتگۆکاندان بەدی بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژێکی کۆشکی سپی رایگەیاند: "تەنیا خودی سەرۆک ترەمپ دەزانێت هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت، تا سبەی شەو هەموو جیهان دەزانێت ئایا پرد و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران بە تەواوی وێران دەکرێن یان نا."

بەگوێرەی زانیارییەکانی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، دانوستانکاران نائومێدن لەوەی ئێران پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە (شەوی سێشەممە) مل بۆ داواکارییەکەی ترەمپ بدات بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز. ئەم پێشهاتە رێگە بۆ واشنتن خۆش دەکات پەنا بۆ بژاردەی سەربازی و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئێران ببات، کە وەک هەڵکشانی مەترسیداری جەنگەکە ئەژمار دەکرێت.

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ تەنیا لە یەک حاڵەتدا بڕیاری هێرشەکە دوادەخات، ئەویش ئەگەر "ئاماژەی راستەقینە" بۆ نزیكبوونەوەی رێککەوتنێکی رژد ببینێت. بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە وەک خۆیەتی و کاتژمێر 8ـی شەوی سێشەممە وەک کاتی دەستپێکردنی تێکشکاندنی ژێرخانی ئێران دیاری کراوە.