ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنی "داستانی تووڕەیی" دژی ئێران دەکەوێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
سوپای ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو ئامادەکارییەکانی بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی ئێران دەستپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئومێدەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەی ترەمپ بەرەو نەمان چوون.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، شاندی دانووستان گەشبین نین بەوەی تاران وەڵامی داواکارییەکەی ترەمپ بداتەوە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز. مۆڵەتە دیاریکراوەکە کاتژمێر 8ـی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا) کۆتایی دێت، کە کەمتر لە رۆژێکی ماوە.
لە هەنگاوێکی ئاشکرادا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" لە هەژمارە فەرمییەکانی خۆی بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، وێنەی فڕۆکەی جەنگیی ستراتیژیی "B-2 Spirit"ی بڵاوکردەوە. سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، تیمە تەکنیکییەکان خەریکی دوا پشکنینن بۆ فڕۆکەکان وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێک لە ژێر ناوی "داستانی تووڕەیی" (Epic Fury) دژی ئێران.
ئەم ئامادەکارییە سەربازییانە دوای لێدوانە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ دێت، تێیدا رایگەیاندبوو: "دەکرێت ئێران لە تەنیا شەوێکدا لەناو ببرێت." ترەمپ جەختی کردەوە، ئەگەر تاوەکو کاتی دیاریکراو رێککەوتنێکی قبوڵکراو ئەنجام نەدرێت، فەرمان دەدات بە وێرانکردنی تەواوی پردەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزە لە ناوخۆی ئێراندا.
رؤساء طاقم من القوات الجوية الأمريكية اثناء إجرائهم الفحوصات الفنية النهائية لقاذفة B-2 سبيريت الشبحية، تمهيدًا لمهمة في إطار عملية #الغضب_الملحمي pic.twitter.com/JkQByXhVL2
— U.S. Central Command - Arabic (@CENTCOMArabic) April 7, 2026