ئیسرائیل بۆ هاووڵاتیانی ئێران: هێڵەکانی شەمەندەفەر بەکار مەهێنن

ئیسرائیل لە قۆناخی نوێی هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێران، کەرتی گواستنەوە و بەتایبەتی هێڵە ئاسنینەکان و شەمەندەفەرەکانی دەکاتە ئامانج.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" (بە زمانی فارسی)، هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتیانی ئێران کرد و داوای لێکردن تا کاتژمێر 9:00 شەو بەکاتی تاران، لە شەمەندەفەرەکان و هێڵە ئاسنینەکان دوور بکەونەوە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "بۆ سەلامەتی خۆتان، لە بەکارهێنانی شەمەندەفەر و هاتووچۆ پێیاندا دوور بکەونەوە، چونکە بوونتان لەو شوێنانە مەترسی لەسەر ژیانتان دروست دەکات."

هاوکات لەگەڵ ئەم هۆشدارییە، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز شارەکانی شیراز، کەرەج، شەهریار و یەزدی هەژاندووە. پێشتریش تەقینەوە لە چەندین ناوچەی پارێزگای تاران وەک ئیسلام شەهر، واڤان و رودهین روویاندابوو، بووە هۆی پچڕانی تەواوەتی کارەبا لەو ناوچانە.

هەروەها هێرش کراوەتە سەر سەکۆی بەندەری 'جاسک'ـی سوپای پاسداران لە کەنداوی عومان و ناوچەی گۆهەردەشت لە کەرەج و چەند ناوچەیەکی پارێزگای فارس. هەروەها میدیاکانی ئێران باسیان لە بۆردومانی 'پەرستگا'یەکی جووەکان کرد لە تاران کە بەتەواوی خاپوور کراوە.

لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل باسی لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ئێران کردووە و رایگەیاندووە، ژێرخانی سەربازیی و ستراتیژیی دەسەڵاتی ئێرانمان کردووەتە ئامانج.

لای خۆیەوە سەرۆکی شارەوانی مەشهەد رایگەیاندووە؛ بە لەبەرچاوگرتنی هۆشدارییە بێ شەرمانەکەی ئیسرائیل لە بارەی هێرشکردنە سەر رێگە ئاسنینەکانی ناوخۆی ئێران، وەک گرتنەبەری خۆپارێزی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، تا کاتێکی نادیار سەرجەم گەشت و جووڵەکانی شەمەندەفەر لە سنووری پارێزگای مەشهەد را دەگیرێن.

هەروەها ئاماژەیداوە، ئەم بڕیارە تەنیا لە پێناو سەلامەتی گیانی هاووڵاتیانە و بۆ گەشتەکانیان دەتوانن لە رێگەی ئۆتۆمبێل و پاس و باهەڵگرەکانەوە، دەتوانن گەشت و کارەکانیان رایی بکەن.