رۆژنامەی مەعاریف: ئیسرائیل هەلێکی زێڕینی بۆ لەناوبردنی میسر لەدەستدا
رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد، داخستنی کێڵگەی گازی "لێڤیاتان" بۆ ماوەی 32 رۆژ بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە، خەریک بوو میسر رووبەڕووی قەیرانێکی وزەی کوشندە و مەترسی داڕمان بکاتەوە، بەڵام بڕیارە نوێیەکەی تەلئەڤیڤ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی گاز هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، میسر بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە گازی ئیسرائیل دەبەستێت، و لە ماوەی مانگی رابردوودا کە هەناردەکردن راوەستابوو، میسر نوقمی تاریکی ببوو و بڕانی کارەبا گەیشتبووە لووتکە.
لەو بارەیەوە، دان بۆرماوی، نووسەری ئیسرائیلی و شارەزا لە کاروباری ئیسلامی، رایگەیاند: "ئیسرائیل هەلێکی زێڕین و کەم مەترسی لەبەردەمدا بوو بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات کە جیهانی ئیسلامی بەردەوام تۆمەتباری دەکات پێی، ئەویش لەناوبردنی دراوسێ عەرەبەکانێتی. ئەگەر تەنیا چەند هەفتەیەکی دیکە کلیلەکانی گاز داخرابایەن، ژێرخانی کارەبا و پیشەسازی میسر بە تەواوی دادەڕوخا و حکوومەتەکانیش رووبەڕووی توڕەیی گەلانی خۆیان دەبوونەوە."
بۆرماوی دەشڵێت: "بەگوێرەی ئەو پڕوپاگەندەیەی لە تاران و قاهیرە و عەممانەوە بڵاودەکرێتەوە، ئیسرائیل هێزێکی دڕندەیە و تەنیا خەون بە لەناوبردنی موسڵمانانەوە دەبینێت. ئەگەر ئەمە راست بوایە، ئیسرائیل ئەم هەلەی دەقۆستەوە و وزەی وەک چەک بەکاردەهێنا تاوەکو میسر و ئوردن خوێنیان لێ بڕوات، چونکە بڕیارەکە تەنیا لە دەستی ئیسرائیلدا بوو."
رۆژنامەی مەعاریف ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای جەنگ و مەترسییەکان و ئەو زیانە داراییە گەورانەی بەر تەلئەڤیڤ کەوتوون، بەڵام ئیسرائیل بڕیاری دا وەک دابینکارێکی جێگیری وزە بمێنێتەوە بۆ وڵاتانێک کە لە باشترین دۆخدا "هاوبەشی ئاشتییەکی ساردن".
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە؛ لە پشت پەردەوە و لە دەرگای داخراوەوە، هەریەکە لە میسر و ئوردن فشارێکی زۆریان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی گاز، و دواجار ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا وەڵامی داواکەیانی دایەوە و گازی سروشتی جارێکی دیکە بۆ ئەو دوو وڵاتە رەوانە کرایەوە.