ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر دوورگەی خارگ و چەندین پرد و هێڵی ئاسنین لە ئێران
هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخان و پێگە ستراتیژییەکانی ئێران دەستیپێکرد و چەندین پرد و هێڵی ئاسن لەگەڵ دوورگەی خارگ کرانە ئامانج.
رۆژی سێشەممە، 07ـی نیسانی 2026، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران لە زاری مورتەزا حەیدەری، جێگری پارێزگاری قومەوە بڵاوی کردەوە، پردێکی دەرەوەی شارەکە لە باکووری وڵات رووبەڕووی هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بووەتەوە.
هاوکات هەواڵی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر پردێکی رێگەی خێرای تەورێز بۆ زەنجان لە باکووری رۆژئاوای ئێران و پردی یەحیا ئاباد لە ناوەڕاستی وڵاتەکە بڵاو کرایەوە.
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، هێڵەکانی شەمەندەفەر لە کاشان، خارگ و قەزوین کراونەتە ئامانج. لە راپۆرتەکاندا هاتووە هێرشێک بۆ سەر پردێکی هێڵی ئاسن لە کاشان لە ناوەڕاستی ئێران ئەنجام دراوە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون.
لەگەڵ بەئامانجگرتنی پردەکان، راپۆرتەکان باس لە بۆردومانکردنی دوورگەی خارگی ئێرانی دەکەن بە چەندین هێرشی ئاسمانی. بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕی ئاکسیۆسی راگەیاند، سوپای ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە دوورگەی خارگ لە ناوخۆی ئێران.
سەبارەت بە هێرشەکانی سەر دوورگەی خارگ، تۆڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، هێرشەکانی سەر دوورگەکە تەنیا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە جێبەجێ کراون و ئیسرائیل بەشداریی تێدا نەکردووە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە روونیشی کردەوە، ئەو ئامانجانەی لە دوورگەی خارگ لێیان داون پێکهاتوون لە چەند حەشارگەیەک، وێستگەیەکی رادار و کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی.
بەرپرسە ئەمریکییەکە باسی لەوەش کرد، ئەگەر هێرش کرابێتە سەر هێڵی ئاسنین لەنێوخۆی ئێران، ئەوان لە هێرشەکاندا بەشدار نەبوونە و ئیسرائیل تەنیا هێرشەکانی کردووە.
رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەکانی دژی تاران توندتر کرد و هۆشداریی دا، تاوەکو نیوەی شەوی سێشەممە ژێرخانی ستراتیژیی ئێران لەناودەبات، لەوانەش پردەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ئەگەر نەگەنە رێککەوتن.
سەرۆکی ئەمریکا روونیشی کردەوە، هەموو پردەکانی ئێران وێران دەکرێن و وێستگەکانی کارەباش لە کار دەکەون. جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە پێش تەواوبوونی مۆڵەتەکە بگەنە رێککەوتنێکی قبووڵکراو.
دۆناڵد ترەمپ هیوای خواست ناچار نەبێت ئەو هەڕەشە سەربازییانە جێبەجێ بکات و ئاماژەی بەوە کرد، پێی باشترە بەبێ گرژیی زیاتری سەربازی بگەنە چارەسەر.