کریستیانۆ رۆناڵدۆ پادشای قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی چامپیۆنزلیگ
ئەمشەو 7ـی نیسانی 2026 جارێکی دیکە یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەستپێدەکاتەوە، لە یاری چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی کاتژمێر 22 بە کاتی هەولێر، ریاڵ مەدرید میوانداری بایرن میونشن دەکات و ئارسێناڵ میوانداری سپۆرتینگ لیسبۆنا دەکات.
سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵێکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگاڵی ئەوروپای جێهێشتووە و لە سعوودیە بە درێسی یانەی نەسڕی ئەم وڵاتە یاری دەکات، بەڵام تاوەکو ئەم ساتەش باشترین گۆڵکاری قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بە دواوەیە.
ئەستێرە پۆرتوگاڵیەکە پێشتر بە درێسی یانەکانی مانچێستەر یونایتد و ریاڵ مەدرید و یوڤێنتوس، لە قۆناغی چارەکی کۆتایی بە دواوە بەشداری 49 یاریکردووە و توانیویەتی 42 گۆڵ تۆمار بکات، زیاتر لە هەموو یاریزانێک و هیچ یاریزانێکی دیکە نەیتوانیوە ئەم ژمارە پێوانەییە تۆمار بکات.
لە پلەی دووەم لیۆنێل مێسی دێت ئەو یاریزانە ئەرجەنتینە پێشتر بە درێسی یانەکانی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان لەو قۆناغە بەشداری 41 یاریکردووە و 20 گۆڵی تۆمار کردووە. هەروەها کەریم بێنزێما ئەو یاریزانەش لە پلەی سێیەم دێت و 17 گۆڵی بە درێسی یانەکانی ریاڵ مەدرید و لیۆن تۆمار کردووە.