حەکیم جێفریس: کاتی ئەوە هاتووە کۆنگرێس دەسەڵاتەکانی بۆ راگرتنی جەنگ بەکار بهێنێت
سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بە فەرمی داوای لە کۆنگرێس کرد، رێگریی بکات لە تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگێکی وێرانکەر کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی شارستانییەتێک.
سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، حەکیم جێفریس، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پەیامێکی بە پەلە و توندی ئاراستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد و تێیدا جەختی لە پێویستیی دەستبەجێ راگرتنی ئەو "جەنگە بێباکانەیە" کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵیگیرساندووە.
جێفریس لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هۆشداریی دا کە بەردەوامیی ئەم دۆخە وڵات و ناوچەکە بەرەو لێواری کارەساتێکی جیهانی و "جەنگی سێیەمی جیهانی" دەبات.
جێفریس لە گوتارەکەیدا داوای لە هاوکارە کۆمارییەکانی لە ناو کۆنگرێس کرد، کە "ئەرکە نیشتمانییەکانیان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حزبییەکانیان" و پێکەوە کار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو هەنگاوە سەربازییانەی کە بە "شێتی" وەسفی کردن.
ئاماژەی بەوە کرد، "کە بڕیارە تاکلایەنەکانی سەرۆک، ئەمریکا دەخاتە ناو داوی جەنگێکی درێژخایەن کە هیچ سوودێکی ستراتیژی بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی واشنتن تێدا نییە."
ئەم پەرەسەندنە سیاسییە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە لوتکە؛ دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی "بێوێنە"ی کرد کە ژێرخانە مەدەنییەکانی ئێران، لەوانە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزە و پردە ستراتیژییەکان دەگرێتەوە، ئەگەر تاوەکوو وادەی کۆتایی رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز واژۆ نەکرێت.