ڤیکتۆریا تایلۆر: پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی چەکی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان زۆر ئاڵۆز و قورس دەبێت
بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیکەوە بۆ کوردستان24، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەر لە سەرەتاوە ئامانجی کەمکردنەوەی هێزەکانی بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ تایلۆر جەخت دەکاتەوە سەرەڕای پێداگریی سەرۆک بارزانی بۆ مانەوەی هێزەکان و بەردەوامیی گوشارەکان بۆ چەککردنی گرووپەکان، پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی چەکی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان زۆر ئاڵۆز و قورس دەبێت.
دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، ڤیکتۆریا تایلۆر، بەڕێوەبەری دەستپێشخەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک و یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران لە واشنتنەوە میوانی باسی رۆژی کوردستان24 بوو کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە گوتی: تێروانینی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەر لە سەرەتاوە ئەوەبوو کە هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکاتەوە و خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادە کردبوو.
لەبارەی نیگەرانییەکانی کورد لە کشانەوەی هێزەکان لە عێراق باسی لەوە کرد، هەرچەندە رێککەوتنی کشانەوەی هێزەکان سەرەتا لەگەڵ عێراق بوو، بەڵام لەوبارەوە گفتوگۆ لەگەڵ کوردیش کراوە؛ هەرچەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی پێداگربوو لەسەر مانەوەی هێزە بیانییەکان بۆ ماوەیەکی زیاتر.
ڤیکتۆریا تایلۆر ئاماژەی بەوەش دا، بەغدا وای دەبینی، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەڕەشەیە بۆ سەر سەرەوەری خاکی عێراق، هاوکات بەشێک لە سەرکردە شیعەکان پێیان وابوو تاوەکوو هێزەکان بمێننەوە، چەکەکانی گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵ ناکرێن، هەر بۆیەش تاوەکوو ئێستا پرۆسەکە دەستپێ نەکردووە.
سەبارەت بەوەی ئەگەر مەرجەکانی ئەمریکا جێبەجێ نەکراون و چەکی گرووپەکان کۆنترۆڵ نەکرا، بەڕێوەبەری دەستپێشخەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک گوتی: ئیدارەی ترەمپ گوشارێکی زۆر خستووەتە سەر لایەنەکان بۆ چەککردنی گرووپەکان، هەرچەندە سێ گرووپ تاوەکوو ئێستا ڕازیبوونە چەکەکانیان دانێن، بەڵام بەشێکی زۆری گرووپەکان رەتیان کردووەتەوە، بۆیە پێم وایە، پرۆسەکە زۆر ئاڵۆز و قورس دەبێت بۆ سەرکەوتن کە هەموو گرووپەکان بگرێتەوە.
لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکە ئاماژەی دا، هەرچەندە بەبێ هێزەکانی ئەمریکا، توانای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کەم دەبێت، بەڵام لە چاو ساڵانی رابردوو هەڕەشەی داعش زۆر جددی نییە، لەگەڵ ئەوەی دەبێت ئەمریکا لە ئەرکی چاودێری کردنی داعش بەردەوام بێت.
ڤیکتۆریا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و جەنگەی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕوویداوە، چەندین پرسیار لەلای وڵاتانی ناوچەکە و نزیکترین هاوپەیمانانی واشنتن دروست بووە کە ئایا هاوبەشیی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا تا چەند دەتوانێت پارێزگارییان لێ بکات و ئاسایشیان دابین بکات.
ئەو بەرپرسەی پێشووی ئیدارەی ئەمریکا ڕوونیکردەوە: "سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا چەندین بنکەی سەربازیی لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بنکانە و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەبری ئەوەی بپارێزرێن، بوونەتە ئامانجی مووشەکی و درۆنیی ئێران؛ ئەمەش وایکردووە وڵاتانی ناوچەکە بە شێوازێکی دیکە لە هاوبەشییە ئەمنییەکەیان لەگەڵ واشنتن بڕوانن و بەدوای جێگرەوەیەکدا بگەڕێن بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆیان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ کوردستان24، ڤیکتۆریا جەختی لەوە کردەوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و تەواوی ناوچەکە، هەمیشە ئامانجێکی سەرەکی و لەمێژینەی ئێران بووە، هەربۆیە لە ڕێگەی گرووپە میلیشیاکانیەوە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر پێگە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا تاوەکو ناچاری بکات ناوچەکە چۆڵ بکات.
هۆشداریی دا: "ئەگەر ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە و بوونی نەمێنێت، دەرفەتێکی زۆر گەورە لەبەردەم ئێران دەکرێتەوە بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی، لەو کاتەشدا پێشبینی دەکرێت ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە ناچار بن ڕاستەوخۆ دەست بە دانوستان لەگەڵ تاران بکەن بۆ ئەوەی ڕێگە لە هێرشەکان بگرن و ئاسایشی خۆیان بپارێزن."