ناتانیاهۆ: هێڵەکانی ئاسن و پردە ستراتیژییەکانی ئێرانمان لەناوبردووە
بنیامین ناتانیاهۆ، رایگەیاند، هێزەکانیان ئەو ژێرخانە ستراتیژییانەی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە سوپای پاسداران بۆ مەبەستی سەربازی بەکاریان دەهێنێت، هاوکات بەرپرسانی ئێرانیش پشتڕاستی دەکەنەوە کە زیانێکی زۆر بە پرد و هێڵە ئاسنینەکانی وڵاتەکەیان کەوتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، "ئێمە بە هێزێکی زیاتر و پەرەسەندوو، خەریکی تێکشکاندنی ئێرانین. دوێنێ فڕۆکەی گواستنەوە و دەیان هەلیکۆپتەرمان تێکشکاند، ئەمڕۆش هێڵەکانی ئاسن و ئەو پردانەمان پێکا کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەکاردەهێنران."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوەش کردەوە، وڵاتەکەی لەمەودوا بە شێوەیەکی "پێداگرانەتر و بە هێزێکی زۆرترەوە" لە دژی هەڕەشەکانی ئێران دەجووڵێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە، بەهۆی هێرشەکانەوە لانی کەم دوو پردی ستراتیژی و ژێرخانی هێڵە ئاسنینەکان و ڕێگەیەکی سەرەکی گواستنەوە لە وڵاتەکەدا زیانیان بەرکەوتووە و لە کار کەوتوون.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست و ئیسرائیل بە ئاشکرا باس لە استراتژییەتی نوێی خۆی بۆ لێدانی ڕاستەوخۆی ناوخۆی ئێران و لاوازکردنی تواناکانی سوپای پاسداران دەکات.