لیندزی گراهام: ترەمپ تەنیا بەدوای رێککەوتنی گونجاودا دەگەڕێت

لیندزی گراهام، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ستراتیژیی دۆناڵد ترەمپ لە بەڕێوەبردنی تەنگژەی ئێران دەربڕی و رایگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا بە وردی ئاگاداری لایەنە دانوستانکارەکانی تارانە. جەختی کردەوە کە ترەمپ بەدوای چارەسەرێکی دیپلۆماسیی راستەقینەدا دەگەڕێت، بەڵام تەنیا کاتێک دەچێتە ناو رێککەوتنەوە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە تەواوی پارێزراو بن

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان و یەکێک لە نزیکترین کەسایەتییە سیاسییەکان لە ئیدارەی ئەمریکا، متمانەی تەواوی خۆی بە تواناکانی دۆناڵد ترەمپ لە بەڕێوەبردنی قەیرانی ئێران دەربڕی و رایگەیاند، کە سەرۆکی وڵاتەکە بە وردی ئاگاداری ئەو لایەنانەیە کە لە تارانەوە دانوستانی لەگەڵ دەکەن.

لیندزی گراهام لە پەیامێکیدا لە هەژماری فەرمی خۆی بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ بە جددی بەدوای چارەسەرێکی دیپلۆماسیدا دەگەڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیە سەربازییەکان، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، واشنتن ناچێتە ژێر باری هەر رێککەوتنێک، مەگەر ئەوەی رێککەوتنە ڕاست و گونجاوەکە بێت کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تێدا پارێزراو بێت.

ئەم سیناتۆرە ئەمریکییە ستایشی شارەزایی ترەمپی کرد لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارە سەرسەختەکانیدا و گوتی: "ترەمپ باشتر لە هەر کەسێک کە من بیناسیبێتم تێدەگات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ سەختترین مرۆڤەکاندا بکات. ئەم لێدوانانە وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکردایەتی ئێران تەماشا دەکرێن کە ئێستا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە خەریکی گفتوگۆی چڕن لەگەڵ واشنتن.