ئەکسیۆس: ئیسرائیل رازی بووە بۆ ماوەی ئەو دوو هەفتەیە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران رابگرێت

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، سەرچاوە ئاگادارەکان بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسیان راگەیاند، بڕیارە یەکەمین خولی دانوستانی راستەوخۆ و رووبەڕوو لە نێوان شاندەکانی هەردوو وڵات رۆژی هەینی لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەبچێت. ئەمە دەبێتە یەکەمین دیداری فەرمیی نێوان بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە.

ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، واشنتن رازی بووە بە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی، تاوەکوو لەو ماوەیەدا هەردوولا هەوڵ بدەن بگەنە رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی؛ هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دواتر رەزامەندیی تارانی بۆ ئەم هەنگاوە پشتڕاست کردەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئیسرائیلیش رازی بووە بۆ ماوەی ئەو دوو هەفتەیە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران رابگرێت. بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە ئاگربەستەکە ئەمشەو بە کاتی ئەمریکا دەستپێدەکات، بەڵام کاراکردنی تەواوەتییەکەی بەستراوەتەوە بەوەی کە ئێران گەرووی هورمز بە فەرمی بکاتەوە. واشنتن مەزەندە دەکات کە گەیاندنی فەرمانی راگرتنی شەڕ بە هێزە مەیدانییەکانی سوپای پاسداران کەمێک کاتی بوێت.

لە کاتێکدا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، تاوەکوو ئێستا رێبەرایەتی دیپلۆماسییەتی جەنگی کردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بۆ دانوستانە راستەوخۆکانی ئیسلام ئاباد رۆڵەکان بگۆڕدرێن. ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات کە جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رێبەرایەتی شاندی واشنتن دەکات، ئەمەش بەهۆی ئەو پەیوەندییە پتەوەی کە لەگەڵ مارشاڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان دروستی کردووە. هەروەها جارێد کوشنەر، ڕاوێژکاری ترەمپ، وەک یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی تیمەکە بەشدار دەبێت.

راپۆرتەکە سەرنج دەخاتە سەر رۆڵی وڵاتانی نێوەندگیر و دەڵێت: لە کاتێکدا پاکستان وەک میوانداری سەرەکی لە پێشەوەی هەوڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لە پشت پەردەوە میسر رۆڵێکی جەوهەریی گێڕاوە لە نزیککردنەوەی دیدگاکانی ئەمریکا و ئێران و پڕکردنەوەی درزەکانی نێوانیان، هاوشێوەی ئەو رۆڵەی کە لە ئاگربەستی غەززەدا هەیبوو. هەروەها تورکیاش یەکێکی تر بووە لەو وڵاتانەی هاوکارییەکی زۆری سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیەی کردووە.

کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، لە لێدوانێکدا بۆ ئەکسیۆس گوتی: "گفتوگۆ دەربارەی دانوستانی رووبەڕوو لە ئارادایە، بەڵام هیچ شتێک کۆتایی نییە تاوەکوو لەلایەن سەرۆک یان کۆشکی سپییەوە بە فەرمی رانەگەیەنرێت."