کۆشکی سپی: ئامانجەکانی جەنگی ئێران بەدیهاتن

کۆشکی سپی بە فەرمی "سەرکەوتنی تەواوەتی" ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" (Operation Epic Fury) دژی ئێران راگەیاند و جەختی کردەوە کە سوپای وڵاتەکە تەنیا لە ماوەی 38 رۆژدا تەواوی ئامانجە سەربازییەکانی پێکاوە. ئاماژەی بەوە دا کە ترەمپ توانیویەتی گەرووی هورمز بکاتەوە

چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) "سەرکەوتنی تەواوەتی" ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە جەنگی دژی ئێران راگەیاند. جەختی کردەوە کە سوپای ئەمریکا توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمتر لەوەی پێشبینی کرابوو، تەواوی ئامانجە سەربازییەکانی بپێکێت.

سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، کە "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا" (Operation Epic Fury) کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشبینی کردبوو 4 بۆ 6 هەفتە بخایەنێت، تەنیا لە ماوەی 38 رۆژدا گەیشتە ئامانجە سەرەکییەکانی و تەنانەت لە ئامانجەکانیش تێپەڕی. لێڤت ئەم سەرکەوتنەی بۆ "توانا بڕوانەکراوەکانی سەربازانی ئەمریکا" گەڕاندەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە ئەم سەرکەوتنە سەربازییە بووەتە مایەی دروستکردنی بەهێزترین کارتی فشار بۆ ئەمریکا، کە رێگەی داوە بە ترەمپ و تیمەکەی بچنە ناو دانوستانێکی توند و یەکلاکەرەوەوە. ئەم پەرەسەندنانە دەروازەیەکیان بۆ چارەسەری دیپلۆماسی و دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا کردووەتەوە.

کارۆڵاین لێڤت رایگەیاند: "سەرۆکی ئەمریکا توانی گەرووی هورمز بکاتەوە"، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بۆ ماوەی چەندین هەفتە بەهۆی جەنگەوە رێڕەوی وزەی جیهانی پەکیکەوتبوو.

لێڤت لە کۆتایی پەیامەکەیدا هۆشداری دا کە نابێت "تواناکانی ترەمپ بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و نێوەندگیری بۆ ئاشتی" بە کەم سەیر بکرێت. هاوکات ئاشکرای کرد کە بەیانی سبەی، وەزیری جەنگ و دان کاین، سوپاساڵاری وڵاتەکەی، وردەکاریی زیاتر دەربارەی دەرەنجامە سەربازییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ رای گشتی دەخەنەڕوو.