میدیای ئیسرائیل: ئاگربەستە کاتییەکەی ئەمریکا و ئێران بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تەلئەڤیڤ بووە
سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی لە ئیسرائیل رایگەیاند، ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تەلئەڤیڤ بووە و نیشانەی پاشەکشەی بێ مەرجی تارانە لەژێر فشاری هێرشە سەربازییەکاندا. جەختی کردەوە ئێران بەبێ بەدەستهێنانی هیچ کام لە داواکارییە پێشووەکانی وەک قەرەبووی دارایی یان هەڵگرتنی سزاکان، رازی بووە گەرووی هورمز بکاتەوە
چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی لە ئیسرائیل بە کەناڵی (i24NEWS)، راگەیاند، ڕاگەیاندنی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران بە هەماهەنگیی تەواو و پێشوەختە لەگەڵ تەلئەڤیڤ ئەنجامدراوە. سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە نیشانەی پاشەکشەی تارانە لە تەواوی مەرجەکانی پێشووی بۆ وەستاندنی جەنگ.
ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە رایگەیاندووە، ئێران رازی بووە گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا بکاتەوە بەبێ ئەوەی هیچ کام لە داواکارییەکانی پێشووی جێبەجێ بکرێن. تاران پێشتر داوای کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ، وەرگرتنی قەرەبووی دارایی، و هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی دەکرد، بەڵام ئێستا بەبێ دەستکەوتنی ئەوانە، ملی بۆ ئاگربەستەکە کەچ کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ بە ڕوونی ئیسرائیلیان دڵنیا کردووەتەوە کە لە ماوەی دانوستانەکانی دوو هەفتەی داهاتوودا، ئەمریکا بە توندی پێداگری لەسەر سێ مەرجی سەرەکی دەکات: دەرهێنانی ماددە ئەتۆمییەکان لە خاکی ئێران، راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، و نەهێشتنی هەڕەشەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران. ئەم خاڵانە وەک ئامانجی ستراتیژیی هاوبەشی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیل وەسف کراون.
ئەم بەرپرسە دیپلۆماسییە هۆکاری ئەم وەرچەرخانەی تارانی بۆ فشارە سەربازییە توندەکان گەڕاندەوە و گوتی: "ئێران لەژێر گوشاری ئەو هێرشە بەردەوامانەی کرانە سەر ژێرخانی ئێران، ناچار بوو پاشەکشە بکات." بەتایبەت هێرشەکانی چەند رۆژی ڕابردوو وەک هۆکاری سەرەکیی تێکشکانی ئیرادەی تاران ناوزەند کراون.