ئەسۆشیەیتد پرێس: چین فشارەکانی بۆ سەر ئێران چڕ دەکاتەوە تاوەکوو لەگەڵ ئەمریکا بگاتە رێککەوتن

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس رایگەیاندووە، بەرپرسانی وڵاتی چین، کە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە، لە پشت پەردەوە هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ قایلکردنی تاران تاوەکوو رێگەیەک بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بدۆزێتەوە.

چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاوی کردووەتەوە، دیپلۆماتکارانی چینی لەگەڵ بەرپرسانی تاران لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان بۆ ئەوەی ئێرانییەکان هان بدەن بچنە ناو چوارچێوەی دانوستانەکانەوە کە ئێستا بەرەو قۆناغێکی هەستیار هەنگاو دەنێن. پەکین بۆ ئەم مەبەستە، بە پلەی یەکەم لەگەڵ وڵاتانی نێوەندگیری وەک پاکستان، تورکیا و میسر کاری کردووە تاوەکوو بتوانێت پردێکی پەیوەندیی قایم لە نێوان واشنتن و تاراندا دروست بکات.

ئەسۆشیەیتد پرێس لە زاری دوو بەرپرسی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، چین دەیەوێت کاریگەریی و هەژموونی خۆی بەکاربهێنێت بۆ هێورکردنەوەی جەنگەکە.

هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی چین بە فەرمی وەڵامی داواکارییەکانی میدیای بۆ لێدوان لەسەر ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانە نەداوەتەوە، بەڵام ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، رۆژی سێشەممە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆی بەو هەوڵانە کرد. نینگ رایگەیاند: "پێویستە تەواوی لایەنەکان راستگۆیی خۆیان نیشان بدەن و بە خێرایی کۆتایی بەم جەنگە بهێنن، کە لە بنەڕەتدا نەدەبوو هەر رووبدات."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین جەختی لەوەش کردەوە، کە وڵاتەکەی "بە قووڵی نیگەرانە" لەو کاریگەرییە توندانەی کە ئەم ململانێیە لەسەر ئابووری جیهانی و ئاسایشی وزە دروستی کردوون.