ئیسرائیل بە مەرج پشتیوانی لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر ئێران دەکات
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە ئێران بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئیسرائیل پشتیوانی لە بڕیارەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکات بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە، بەڵام ئەم پشتیوانییە چەند مەرجێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت.
مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ ئاگربەستەکە:
1- پێویستە ئێران دەستبەجێ گەرووە نێودەوڵەتییەکان'رێڕەوە دەریاییەکان' بکاتەوە.
2- راگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە، هاوڕایە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دڵنیابوون لەوەی، چیتر ئێران مەترسی نەبێت لەسەر ئاستی ئەتۆمی، مووشەکی و پاڵپشتیکردنی تیرۆر بۆ سەر ئەمریکا، ئیسرائیل، دراوسێ عەرەبەکان و جیهان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئیسرائیلی راگەیاندووە؛ پابەندە بە بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە لە دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی داهاتوودا، کە ئامانجی هاوبەشی ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانە ناوچەییەکانە.نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونی کردووەتەوە ئەم راگرتنی هێرشانە بۆ ماوەی دوو هەفتە تەنیا پەیوەستە بە ئێرانەوە و لوبنان ناگرێتەوە.