24 کۆنگرێسمانی دیموکرات داوای دوورخستنەوەی ترەمپ دەکەن
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، 24 ئەندامی دیموکرات لە کۆنگرێسی ئەمریکا، داوای دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان لە پۆستەکەی کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی "ئەکسیۆس"، فشارەکان بۆ کاراکردنی "هەمواری 25ـی دەستووری ئەمریکا" دوای ئەوە زیادیان کرد، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" پۆستێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی: "ئەمشەو شارستانیەتێکی تەواو کۆتایی دێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە." ئەم لێدوانەی ترەمپ تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش کۆتایی هاتنی ئەو وادەیە هات کە بۆ ئێرانی دیاری کردبوو بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز.
جگە لە رێکارەکان لێپرسینەوە لە کۆنگرێس، "هەمواری 25ـی دەستوور" وەک بژاردەیەکی خێراتر بۆ لادانی سەرۆک دەبینرێت. بەگوێرەی بڕگەی چوارەمی ئەم هەمووارە، ئەگەر سەرۆک وەک کەسێکی "بێ توانا" لە راپەڕاندنی دەسەڵات و ئەرکەکانی پۆستەکەی هەژمار بکرێت، دەکرێت لە کارەکەی دووربخرێتەوە.
سەرەڕای فشاری دیموکراتەکان، جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیە لە رووی کردارییەوە قورسە و تا ئێستا لە مێژووی ئەمریکادا بەکارنەهێنراوە. بۆ سەرگرتنی ئەم هەنگاوە، پێویستە جەی دی فانس، جێگری سەرۆک، لەگەڵ زۆرینەی ئەندامانی کابینەی حکوومەت، راگەیەندراوێکی نووسراو پێشکەشی سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن.
لە لایەکی دیکەشەوە، ترەمپ وەک سەرۆک مافی تانەگرتنی لە بڕیارەکە هەیە، بەڵام جێگری سەرۆک و ئەندامانی حکوومەت دەتوانن سوور بن لەسەر بڕیارەکەیان، ئەوکات بڕیاری کۆتایی بۆ کۆنگرێس دەمێنێتەوە. لە حاڵەتێکی لەو شێوەیەدا، یاسادانەران 21 رۆژیان لەبەردەم دەبێت بۆ دەنگدان، و لەو ماوەیەدا جێگری سەرۆک ئەرکەکانی سەرۆکایەتی دەگرێتە ئەستۆ.