قالیباف سەرۆکایەتیی شاندی دانوستانکاری ئێران لەگەڵ ئەمریکا دەکات

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا" بڵاویکردەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرۆکایەتی ئەو شاندە ئێرانییە دەکات، بڕیارە لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، دانوستان لەگەڵ لایەنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئەم کۆبوونەوانە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دێت بۆ تاوتوێکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان تاران و واشنتن.

لای خۆیەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ ئەو 10 مەرجەی دانراون بۆ دانوستان قبوڵ نەكرێت، رێبەری باڵای رێگە بە واژۆكردنی رێككەوتن نادات.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە (8ی نیسانی 2026)، لە کاژێر 3:00ـەوە، ئاگربەستێکی دوولایەنەی 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارە رۆژی هەینی، بە نێوەندگیریی پاکستان، گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوو وڵات لە ئیسلامئابادی پایتەخت دەستپێبکات، بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن.

جەنگی نێوان ئێران و بەرەی مقاوەمە لە عێراق، لوبنان و یەمەن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکرد و نزیکەی 40 رۆژی خایاند. ئەم جەنگە بووە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە بۆ ماوەی پێنج هەفتە و لە ئەنجامدا قەیرانی ئابووریی ناوچەکەی گرتبووەوە، بەڵام راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، راستەوخۆ بووە هۆی بووژانەوەی بۆرسەکانی جیهان و دابەزینی نرخی نەوت.