میدیای لوبنان: ئەمڕۆ زیاتر لە 300 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بوونەتە قوربانی
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە 100 پێگەی حزبوڵڵا. میدیای لوبنانیش باس لەوە دەکەن، زیاتر لە 300 کەس لە هێرشەکاندا بوونەتە قوربانی.
میدیاکانی لوبنان لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیانەوە بڵاویانکردووەتەوە، تەنیا ئەمڕۆ چوارشەممە، 08ـی نیسانی 2026، زیاتر لە 300 کەس بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە بوونەتە قوربانی.
راکان نەسرەددین، وەزیری تەندروستیی لوبنان بە ئاژانسی هەواڵەکانی "رۆیتەرز"ـی راگەیاندووە، نەخۆشخانەکانیان پڕبوون لە تەرمی کوژراو و برینداران و داوا لە خەڵکی سڤیل دەکەن، بۆ بەخشینی خوێن، سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.
وەزیری تەندروستیی لوبنان باسی لەوەش کردووە، ئیسرائیل توندترین هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر وڵاتەکەیان و زیاتر لە 50 شار و شارۆچکەی کردووەتە ئامانج.
هاوکات بەرپرسانی ئەمنی وڵاتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکەن، لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و بێنە سەر شەقامەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، هێرشەکەیان بۆ سەر لوبنان بەرفراوان بووە و شاری بەیروت و ناوچەی بەقاع و باشووری لوبنانی گرتووەتەوە، تیایدا بنکەکانی فەرماندەیی و ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل، روونیشی کردەوە، لە هێرشەکەیاندا یەکە تایبەتەکان (نخبە) و سیستەمی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا سوپای ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە دا، هێرشەکە پشتی بە زانیاریی وردی هەواڵگری و پلانێک بەستووە چەندین هەفتە بوو ئامادەکاریی بۆ کرابوو.