دوا ئاگادارکردنەوە بەو پێنج پەرلەمانتارە درا کە 'هەژماری من'یان نییە

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تەنیا پێنج پەرلەمانتار لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ماون فۆڕمی "هەژماری من" پڕبکەنەوە، ئەگەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خۆیان تۆمار نەکەن، مووچەی مانگی سێ وەرناگرن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی پەرلەمانتاران گۆڕانکاری بنەڕەتی تێدا کراوە و لەمەودوا بە هیچ شێوەیەک مووچە بە دەست (کاش) دابەش ناکرێت، بەڵکو تەنیا لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە دەبێت.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆی 97 پەرلەمانتار کە سوێندی یاساییان خواردووە، 92 پەرلەمانتار فۆڕمی "هەژماری من"یان پڕکردووەتەوە و ئێستا یان مووچەکانیان وەرگرتووە یان چاوەڕوانی گەیشتنی کارتە بانکییەکانیانن. تەنیا پێنج پەرلەمانتار تاوەکو ئێستا ئامادە نەبوون فۆڕمەکە پڕبکەنەوە.

زانیارییەکانی کوردستان24 ئاماژە بەوە دەدەن، کە وەزارەتی دارایی و ئابووری مانگی رابردوو وەک دوا ئاگادارکردنەوە بە پەرلەمانتارانی راگەیاندبوو کە دەبێت ببنە خاوەنی هەژماری بانکی.

 ئەو چەند پەرلەمانتارەی مابوونەوە، مانگی ڕابردوو لە رێگەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتەوە داوایان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران کردبوو مووچەکانیان بۆ خەرج بکرێت، هەر بۆیە مانگی رابردوو بە "مەرج" مووچەیان پێدرا، بەڵام بۆ ئەم مانگە بڕیارەکە قەتعییە و بەبێ "هەژماری من" مووچە خەرج ناکرێت.

لەسەر ئاستی فراکسیۆنەکان، زانیارییەکان ئەوە دەخەنە روو کە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی (پارتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەری)، زۆربەی پەرلەمانتارانی یەکێتی و بەشێک لە ئەندامانی ڕەوتی هەڵوێست، فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە و چوونەتە ناو پڕۆژەکەوە.

ئەو پێنج پەرلەمانتارەی کە تا ئێستا ماونەتەوە، تەنها چەند ڕۆژێکیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی خۆیان تۆمار بکەن، بە پێچەوانەوە بەهۆی نەبوونی هەژماری بانکی، ناتوانن مووچەی ئەم مانگەیان وەربگرن، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی مووچە، پشت بە سیستەمی "هەژماری من" دەبەستێت.